سەركردەیەكی تەڤگەری ئازادی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەنقەرە جددی بووایە، ئێستا لە ئامەد و ئەستەنبوڵ خەباتی دیموکراتیکمان دەکرد نەک لە چیاکانەوە.
دوای ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سلێمانی، هێشتا پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی كورد لە توركیا قۆناغی یاسایی تەواو نەكردووە و پەرلەمان زۆر خاو هەنگاو دەنێت.
نەدیم سەڤەن، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاندووە، لە کاتێکدا تەڤگەری ئاپۆیی هەنگاوی بوێرانەی ناوە و لە ١١ـی تەممووزی ٢٠٢٥ بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات چەکەکانیان سووتاند، دەوڵەتی تورک وەک کیسەڵ هەنگاو دەنێت.
نەدیم ڕەخنەی توند دەگرێت و دەڵێت: ئەگەر ئەنقەرە جددی بووایە، ئێستا لە ئامەد و ئەستەنبوڵ خەباتی دیموکراتیکمان دەکرد نەک لە چیاکانەوە.
جەختیش دەکاتەوە، پرسی کورد کارەکتەرێکی جیهانی گرتووە و بە یاسای یەک لایەنە چارەسەر نابێت. هۆشداریش دەدات، بەردەوامی گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ متمانە ناهێڵێت، تا ئازادی و تەندروستیی ئەو دەستەبەر نەکرێت، پرۆسەکە ناچێتە پێشەوە.

