ئەگەر لەگەڵ پشیلەکەت قسە دەکەیت.. ڕەنگە لە هەستەکانت تێنەگات
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی ئاشکرای دەکات کە پشیلەکان ناتوانن جیاوازی لە نێوان هەستە جیاوازەکاندا بکەن کاتێک گوێیان لە دەنگی مرۆڤ دەبێت. بەپێی توێژینەوەکە، پشیلەکان تەنها وەڵامی توندی و بەرزیی دەنگەکە دەدەنەوە نەک ناوەڕۆکە سۆزدارییەکەی.
توێژینەوەکە کە لەلایەن ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە پشیلەکان مۆسیقای دەنگی مرۆڤ وەک پێکەنین، گریان، هاوار و هاندانی بەکۆمەڵ وەک نیشانەی دەنگیی هاوشێوە و لەیەکچوو وەردەگرن. ئەمەش وایان لێدەکات لە کاتی بیستنی سەرجەم ئەم دەنگانەدا، تووشی ئاستێکی هاوشێوە لە وریا بوونەوە و سترێس (گرژی) ببن.
بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، توێژەران تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر ٢٠ پشیلەی ناوماڵ ئەنجامدا؛ تێیدا چەند تۆمارێکی دەنگیی مرۆڤیان لێدا کە گوزارشتیان لە (دڵخۆشی، خەمباری، تووڕەیی و ترس) دەکرد، هاوکات چاودێریی جووڵەکان، دۆخی گوێچکەکانیان، کشان و فراوانبوونی گلێنەی چاو و جووڵەی کلکی پشیلەکانیان کرد. ئەنجامەکان دەریانخست کە وەڵامدانەوەی پشیلەکان لە سەرجەم دۆخەکاندا هاوشێوە بووە و هیچ جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان هەستەکاندا لای ئەوان نەبووە.
زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم ئەنجامانە بەو مانایە نایەن کە پشیلە بە تەواوی بێبەشە لە تێگەیشتنی هەستی خاوەنەکەی، بەڵکو بەپێی توێژینەوەکانی پێشوو:
پشیلە تەنها کاتێک دەتوانێت لە دۆخی سۆزداریی مرۆڤ تێبگات کە نبرەی دەنگەکە لەگەڵ شێوازی دەموچاو (تەعبیرات) و زمانی جەستەدا یەکبگرێتەوە.
ئەم تێگەیشتنە زیاتر و خێراتر ڕوودەدات ئەگەر دەنگەکە لای پشیلەکە ناسیار و مألوف بێت (دەنگی خاوەنەکەی بێت).
توێژەران پێیان وایە ئەم ڕەفتارەی پشیلە دەگەڕێتەوە بۆ ستراتیژییەکی پەرەسەندن (Evolutionary Strategy) کە لە کۆندا یارمەتیی پشیلەکانی داوە بۆ مانەوە لە ژیاندا. پشیلەکان لە ڕووی سروشتییەوە پێشەنگی و ئەولەویەت دەدەنە بەرزکردنەوەی ئاستی وریا بوون و ئامادەباشی لە کاتی بیستنی هەر دەنگێکی نەناسراودا، پێش ئەوەی هەوڵی لێکدانەوەی ناوەڕۆکەکەی بدەن؛ ئەم تایبەتمەندییە کێوییەش تاوەکو ئێستاش لەگەڵیاندا ماوەتەوە، تەنانەت دوای ئەوەی بوونەتە ئاژەڵی ماڵییش.
