سەرباری بەڵێنی حكومەت هێشتا نرخی بەنزین دانەبەزیوە

سەرباری بەڵێنی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بۆ هەرزان كردنی نرخی بەنزین، كە لە نەوتی ئەم وڵاتە بەرهەم دێت، بەڵام هێشتا نرخەكەی زۆر گرانە و تەنگی بە گیرفانی هاووڵاتیان هەڵچنیوە و نیگەرانی زۆری لێ‌ كەوتۆتەوە.

کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت بۆ میدیای پارتی وتویەتی، “نرخی بەنزین دەبێتە 850 دینار بۆ هەر لیترێک و بەهۆی كردنەوەی سنوورەكان بۆ هاوردەكردنی بەنزین، نرخەكەی زیاتریش دادەبەزێت”.

ڕاشیگەیاندووە، ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو ڕۆژانە 180 هەزار بەرمیلە و 130 هەزاری هەناردە دەكرێت و 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەرهەمی ناوخۆیە.

بە وتەی وەزیری سامانە سروشتییەكان، “هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە 5 ملیۆن لیتر بەنزینە”.

لە ئێستادا بەپێیی بەدواداچوونی (خەڵك) لە سلێمانی، نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بە 1050 دینارە و موحەسەن بە 1250 دینار و سوپەر بە 1400 دینارە.

بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاندووە، ئێستا هەموومان چاوەڕێی دابەزینی نرخی بەنزین دەکەین، بەڵام نازانین نرخەکەی دادەبەزێت یان زیاتر بەرزدەبێتەوە، چونکە دۆخەکە جێگەی متمانە نییە.

وتیشی، “ئەگەر دۆخەکە باشبێت، نرخی بەنزین دادەبەزێت، ئەگەر دۆخەکەش خراپ بێت چاوەڕێی دابەزینی نرخی بەنزین مەکەن”.

لای خۆشیەوە، عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، لیترێک (٢٥٠ تا ٣٥٠) دینار گرانیان کرد، پاشان (٢٥) دینار هەرزانی دەکەن، ئەم ٢٥ دینارە دەکەنە منەت لەسەر خەڵک!

دەشڵێت: لیترێك بەنزین لە هەولێر نۆرماڵ گەیشتۆتە 1160 دینار و موحەسەن 1500 دینار و سوپەر 1600 دینار.

هاوكات، عەبدولڕەحمان عوسمان عەبدولعەزیز، کوڕی ڕابەری پێشووتری بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەیامێكدا دەڵێت: گرانی و خراپی جۆری بەنزین بوەتە گرفت و جێی قسەی ھەوموان جائەگەر ئەم ھەواڵە ڕاست بێت (بەغدا داوای کردبێت هەرێم بەنزین بە ٤٥۰ دینار بداتە هاووڵاتیان) ئەوا جێی خۆیەتی ھەرێم لەبەغداوە فێری کوردایەتی ببێت و ئەگەریش وەھا نیە پێویستە کەمتەرخەمیەکان دیاری و ئاشکرا بکرێن”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە