ئەوەی لە پشت یارییەکانی مۆندیال شاراوەیە

پ. د. سەعید عەلی محەمەد

یاری تۆپی پێ یەكێكە لەو وەرزشە زۆرانەی كە لە جیهاندا ئەنجام دەدرێن و بەشی شێری هەیە لە گرنگی پێدان و پارەداركردن، زۆرجار یانەیەك لە یانە گەورەكان نرخی یاریزانەكانی یارییەكی هەڵبژاردەیەكی تۆپی پێ تێیدا زۆر لە بودجەی یەكێك لە وڵاتە بچوكەكان یان وڵاتە هەژارەكان زیاترە و، كێ بەركێی وەدەستخستنی پاڵەوانێتییەك لە پاڵەوانێتی یەكانی یاری تۆپی پێ زۆر توندو سەختترە لە كێشمەكێش و شەڕكردن لەپێناو پرسە چارەنووسسازەكان لە هەندێ وڵاتدا!

ئەگەر (كارل ماركس) ژیانێكی تری پێ ببەخشرابا ئەو وتەیەی خۆی كە دەڵێ : (ئایین ئەفیونی گەلانە) دەیگۆڕی و دەیكردە (یاری تۆپی پێ ئەفیونی گەلانە) هەروەك هەندێك ڕۆشنبیرو كۆمەڵناس وەسفی دەكەن، چونكە ئەم یارییە بۆتە ئەفیون و ماددەی هۆشبەری گەلان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو، لە وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژار بۆتە قسە و باس و بەزم و چیرۆكی ماڵەكان و نوسینگەكان و چایخانە و قاوەخانەكان و شوێنە گشتییەكان!

هەوەسی ئەم یارییە مەعشوقە ئەوەندە بێ سنوورە كە لە پێناویدا بەرژەوەندییەكان دەوەستێنرێن، کات و وادە پێشتر دیاری كراوەكان هەڵدەوەشێنرێنەوە، بۆنەكان لەبیردەچنەوە، بڕیارە چارەنوسسازەكان دوادەخرێن، پەیوەندی و سەردانەكان دەپچڕێندرێن، ئاگری كێشە و ناكۆكیەكان بڵێسە دەگرێ ، فرمێسكەكان دەڕژێنرێن و هەناسەكان حەپس دەكرێن ، پیرۆزییەكان دەبەزێنرێن و نەریتەكان ژێر پێ دەخرێن، پەرستشەكان و دروشمە ئاینییەكان پشت گوێ دەخرێن! هەموو ئەمانە لەپێناو یارییەكی تۆپی پێدا كە لە یاریگایەك ئەنجام دەدرێ!

( یورغەن كەلوب Jürgen Klopp)ی ڕاهێنەری ئەڵمانی كاتێك باسی گرنگی یاری تۆپی پێ دەكات دەڵێ : ( یاری تۆپی پێ زۆر گرنگ نیە ، خۆ ئێمە گیانی خەڵك ڕزگار ناكەین ، ئەركی ئێمە تەنها ئەوەیە بۆ ماوەی سێ كاژێر كێشەكان لە بیر خەڵك دەبەینەوە).

نوسەرو بیرمەندی فەڕەنسی (ئیتیان دۆلا بواسیە) لە كتێبەكەیدا (العبودیة الاختیاریة : پەرستنێكی ئارەزوومەندانە) دەڵێ : ( لە یاری تۆپی پێدا هاوڵاتی كەمێك ئەو شتانەی بۆ قەرەبوو دەكرێتەوە كە لە ژیانی ڕۆژانەیدا لێی مەحروم و بێ بەش كراوە ، ئەم یارییە خەمەكان لەبیردەباتەوە ، بۆ ماوەی سێ كاژێر دادگەری لە یاریگادا بەسەر هەمواندا دەسەپێنرێت و پیشان دەدرێت).

هێز و كاریگەری ئەم جۆرە ئەفیونە لەچی دایە؟!

لای جەماوەر سەركەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان هەموو شتێكە و ئیتر هیچ كێشە و گرفتێكی تر لە ئارادا نیە ، هەندێك خۆیان دەكوژن كاتێك هەڵبژاردەكە دەیدۆڕێنێ ، هەندێک دەڵێن : ئەگەر پیلانێكی دەرەكی نەبوایە هەڵبژاردەكەیان نەیدەدۆڕاند ، هەندێك دوای دۆڕانی یارییەكە ڕاهێنەری هەڵبژاردەكە جنێو باران دەكەن ، ئەگەر كارتێكی سوور بدرێتە یەكێك لە یاریزانەكان ، یان توشی بەركەوتنێك ببێتەوە هەمووان هەڵدەچن و تووڕە دەبن ، لە كاتی یارییەكەدا مزگەوتەكان و پەرستگاكان و ڕێگاوبان و شوێنە گشتییەكان چۆڵ دەكرێن وەك ئەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ دەركرابێت ، قاوەخانەكان و چاپخانەكان و یاریگاكان جمەیان دێت!

هەندێك دروشمی سەیرو سەمەرەو بێ مانا دەوترێ و بەرگرییان لێ دەكرێت وەك ئەوەی چەند ویردو دەقێكی ئایینی پیرۆزبن و قسەیان لەسەر نەكرێ ، هەندێجار دەست لە بنەما نیشتمانیی و نەتەوەیی یەكان هەڵدەگیرێت و هەڵبژاردەیەك لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتی داگیركەردا یاری دەكات و ئاشتبوونەوەی وەرزشیی ئەنجام دەدات!
دەپرسین : ئەمانە هەمووی لەپێناو چی ؟ ئایا گەلە هەژارو ستەمدیدە و ژێر دەستەكان چیان لە یاری تۆپی پێی كۆمەڵێك ملیۆنێر یان ملیاردێر دەست دەكەوێت؟!

ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین نەمانبینیوە یاریزانێكی جیهانی یان ناوخۆیی تۆپی پێ لەبواری زانست و خوێندندا كەسێكی نمونەیی و زیرەك و لێهاتوو بوو بێت ، زۆربەیان بەزۆر مومارەسەكردنی ئەو یارییە لە كوچە و كۆڵان و ڕێگاوبان و شوێنە گشتییەكاندا دروست بوون و پێگەو سامانێكی ئەوتۆیان دەستكەوتووە كە ئەو كەسانەی چاوەكانیان و وزە زیهنییەكانیان لەبواری پزیشكیی و ئەندازیاریی و زانست و توێژینەوەكاندا كزو ماندوو بووە دەستیان نەكەوتووە!

ئاساییە مرۆڤ لە پزیشكیی و ئەندازیاریی و زانست و سیاسەت و فیكرو فەلسەفە و كۆمەڵناسی و ئابووریدا قاڵ و پسپۆڕ بێت و قازانج و سوود و خزمەتێكی گەورە پێشكەش بە گەل و نیشتمانەكەی بكات ، بەڵام دەبێ دەستكەوتی گەورە چی بێت لە كەسانێكدا كە هەموو زانست و تواناو لێهاتویی یەكیان زانینی ئەنجامی یارییەكان و ناوی یاریزانەكان و توانای داوەریی كردن بێت؟!

یاری تۆپی پێ هێزی نەرمی وڵاتان و چەكی دەستی ڕژێمە دیكتاتۆرەكان:

وڵاتان و دەسەڵات و ڕژێمە دیكتاتۆرەكانیش پارە و بوودجەیەكی خەیاڵی بۆ یاری تۆپی پێ سەرف دەكەن كە بۆ توێژینەوە و بواری زانستی ئامادەی سەرف كردنی نین ، بەشێوەیەك كە ئەم یارییە بووەتە بازاڕێكی گەرمی بازرگانی و سیستەمێكی ئابووری گەورە كە یانەكان و كۆمپانیاكان و كەناڵەكان و ئاژانسەكانی هەواڵ و یاریزانەكان و سەرپەرشتی كاران و تەنانەت چایخانە و قاوە خانەكانیش قازانجی دارایی گەورەی لێ دەكەن و ، بۆ ئەوان بە وەرزی وەدەستخستن و كۆكردنەوەی پارە و سامان لە قەڵەم دەدرێ!

وڵاتان چۆن ئەم هێزە نەرمە بەكاردەهێنن ؟

كاتێك ئیتاڵیا میوانداری پاڵەوانێتی جامی جیهانی ساڵی 1932 یاری تۆپی پێی كرد (مۆسۆلینی) سەركردەی فاشی ئەو ووڵاتە ووتی : نەمدەزانی خۆشەویستی و دۆستایەتی ئیتاڵییەكان بۆ یاری تۆپی پێ زۆر لە دۆستایەتی و خۆشەویستییان بۆ ئیتاڵیا زیاترە! بۆیە هەرچیەكمان پێ بكرێ ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی میوانداری پاڵەوانێتی ساڵی داهاتوو بكەین ، دواتر ئیتاڵیا میوانداری پاڵەوانێتی ساڵی 1938ی كردو مۆسۆلینی نازناوی (سەربازانی پرسی نیشتمانی) بەخشییە یاریزانانی یانەی وڵاتەكەی!

سوپای ئەرژەنتین كاتێك كودەتای سەربازی ئەنجامدا ، هەموو هەوڵێكی دا میوانداری پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێی ساڵی 1978 بكات تەنها بۆ ئەوەی ئەو هەموو تاوان و خوێن ڕشتنەی ئەنجامی داوە پەردەپۆش بكات!

كاتێك جیهان سەرگەرمی بەڕێكردنی پاڵەوانێتی جیهانی ساڵی 1982 بوو ڕژێمی جولەكە هەلەكەی قۆستەوە و قەسابخانەی خێوەتگای سەبراو شاتێلای ئەنجامدا.

ساڵی 2019 دەسەڵاتی كۆدەتای میسر بۆ ئەوەی ڕووی دەسەڵاتەكەی لای جیهان جوان بكات و كودەتاكەی پەردەپۆش بكات هەوڵیدا پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەفریقا ڕێكبخات و ، میوانداری پاڵەوانێتی جیهانی یاری باسكەی ساڵی 2020ی گرتە ئەستۆ!

گومانی تێدا نیە وەرزش و یاری تۆپی پێ دەكرێ خاڵی نزیك كەرەوەی گەل و نەتەوە جیاوازەكان بێت و ، پاڵپشتییەكی گەورە بۆ شۆڕشەكان و گەیاندنی ئازارو مەینەتییەكان بە جیهان دەستەبەر بكات و، هۆكارو پاڵنەرێكی گرنگ و سەرەكیش بێت بۆ موسڵمان بوونی هەزاران مرۆڤی غەیرە موسڵمان و ، فاكتەرو ئامڕازێكی سەركەوتوو بێت بۆ بەهێزكردنی گیانی خۆشەویستی نێو خێزان و تاكەكانی كۆمەڵگە و، ڕێگەیەكی گونجاویش بێت بۆ پەرەپێدان و هاندانی هاریكاریی و كاری خێرخوازی!

هەموومان كۆكین لەسەرئەوەی وەرزش نەك پڕۆسەیەكی خراپ نیە، بەڵكو زەرورەتێكی ژیانی مرۆڤەكانە و كۆمەڵگە و وڵاتان لێی بێ نیاز نین، بەڵام كاتێك ئەم مەیدانە لە ئامڕازی تەرفیهی و خۆشی وەرگرتن و بەهێزكردن و تەندروست كردنی لاشەوە دەبێتە ئامڕازێك بۆ كێ بەركێ یەكی گەرمی ناشیرین و، خەسارکردنی كات و تەمەنی مرۆڤەكان و ، بە هەدەردانی پارە و سەروەت و سامانی وڵات و بەدیهێنانی پلانی دوژمنان ، لێرەوە ماڵ كاولیەكە دەست پێ دەكات و ڕۆح و ویژدان و دەروونمان ئازار دەچێژێ… بۆیە دەبێ بزانین وڵاتان بە قاچ و پێی وەرزشەوان و یاریزانەكانیان پێش نەكەوتوون ، بەڵكو بەتواناو داهێنان و مەهارەت و عەقڵە گەورەكان پێشكەوتوون و گەشەیان كردووە!

ئایا ئێمە لەم ئاستە دواكەوتووەی سیاسەت و ئابووری و هێزو گەشەی زانستیدا چیمان دەست دەكەوێت ، چ گۆڕانكارییەك دێتە ئاراوە ئەگەر جامە جیهانییەكەش بەدەست بهێنین؟!

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە