فێنۆمینۆلۆژیای شانازی، لە نێوان شکۆی خود و وەهمی دەسەڵاتدا

د. ئیبراهیم حاجی زەڵمی
چەمکی “شانازی” لە زمانی کوردیدا تەنها دەربڕینێکی هەستەکی نییە، بەڵکو لە ڕووی مۆرفۆلۆژییەوە پێکهاتەیەکی لێکدراوی واتا فرە ڕەهەندە. پێشگری (شا) کە ئاماژەیە بۆ باڵایی و لوتکەی هەر شتێک، کاتێک لەگەڵ (ناز) یان فەخرو ڕووسوری دەدرێتە پاڵ یەک، وێنەیەکی دەروونی بۆ “لوتکەی ڕەزامەندیی خود” کێش دەکات. ئەم گوتارە هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم چەمکە و تێگەیشتن لەو سنوورە باریکەی کە شانازی لە “هێزێکی بزوێنەر”ەوە دەگۆڕێت بۆ “تەڵەیەکی وەهمی”.
یەکەم: دیالێکتیکی شانازی؛ لە نێوان بونیادنەر و وێرانکەردا
شانازی لە زانستی دەروونناسیدا وەک دیاردەیەکی دوو جەمسەری دەردەکەوێت:
شانازیی ئۆتۆنتیک (ڕەسەن و بێ ڕیایی): ئەم جۆرەیان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و بڕوا بەخۆبوونێکی تەندروست بونیاد دێنرێت. کاتێک تاک دەگاتە ئامانجێکی ئەخلاقی یان زانستی، ئەم هەستە وەک پاداشتێکی دەروونی کار دەکات کە ئاستی گەشبینی و بەردەوامی و بەرهەمهێنان بەرزدەکاتەوە.
شانازیی نێرجسیانە (لووتبەرزی): لێرەدا شانازی لە “کردار”ەوە دەگۆڕێت بۆ “خۆسەنتەری”. ئەمە ئەو خاڵەیە کە تاک چیتر پێویستی بە گەشە نابێت و لە جیاتی ئەوەی “سەری بەرز بێت”، “لوتی بەرز دەکاتەوە”، کە ئەمەش سەرەتای دابڕانە لە واقیع و سووک تەماشەکردنی ئەوانی تر.
دووەم: وەهمی شانازی؛ ڕوانگەیەکی فەلسەفی و بایۆلۆژی
هەندێک لە قوتابخانە فەلسەفییەکان، بەتایبەت (ستۆیک/ ڕەواقی)ەکان، شانازی بە وەهمێک دەبینن کە مرۆڤ لە جەوهەری بوون دووردەخاتەوە. ئەم تێڕوانینە لە سێ خاڵدا چڕ دەبێتەوە:
ا. ڕێژەیی بوونی بەها: شانازی هەمیشە پێویستی بە “بینەر” یان “ناوبانگ” هەیە. کاتێک پێوەری کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت، ئەو شتەی دوێنێ جێی شانازی بووە دەبێتە شەرمەزاری، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە شانازی نرخێکی جێگیری نییە.
ب. کیمیای (پڕۆسەی کردارەکی) مێشک: لە ڕووی فیسیۆلۆژییەوە، ئەوەی ئێمە ناوی دەنێین شانازی، تەنها کارلێکی کیمیایی هۆرمۆنەکانی (دۆپامین و سیرۆتۆنین)ە. مێشک ئەم وەهمە بەکاردێنێت وەک “فێڵێکی بایۆلۆژی” تا مرۆڤ هان بدات لە کێبەرکێی کۆمەڵایەتیدا بمێنێتەوە.
ج. سیفەتی کاتی: شانازی وەک “سێبەر” وایە؛ تا دوای ڕاکەیت لێت دوور دەکەوێتەوە و کاتێکیش دەستی دەخەیت، تەنها بۆ چەند چرکەیەک میوانی دەروونتە. (ڕەواقییەکان).
سێیەم: شانازی وەک ئامرازی سەرکوت (وەهم لە دەستی دیکتاتۆردا)
مەترسیدارترین لایەنی ئەم چەمکە کاتێکە کە لە ئاستی تاکەکەسییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاستی سیاسی و دەستەجەمعی. دیکتاتۆرەکان و سیستەمە تۆتالیتارەکان شانازی وەک “ماسک” و ” ئامڕازی سڕکردن” بەکاردێنن: بەم شێوازەی خوارەوە:
ا. بەرجەستەکردنی شانازیی ساختە: کاتێک گەلێک لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش دەکرێت، دەسەڵات “شانازییەکی مێژوویی یان ڕەگەزی” ساختەیان پێ دەفرۆشێتەوە تا هەستیار بن بەرانبەر بە “کەرامەتی نەتەوەیی” و لە هەمان کاتدا چاوپۆشی لە “برسێتی و بێدادی” بکەن.
ب. تیرۆری فکری: هەر ڕەخنەیەک لە دەسەڵات بگیرێت، وەک هێرش بۆ سەر “شانازی و پیرۆزییەکانی گەل” وێنا دەکرێت. لێرەدا شانازی دەبێتە دیوارێک کە ڕاستییەکانی لەپشت دەشاردرێتەوە.
ج. دروستکردنی دوژمنی وەهمی: دیکتاتۆر هەمیشە واقیعێکی وەهمی دەخوڵقێنێت کە تێیدا هەموو جیهان دژی “شانازیمان” پیلان دەگێڕن، تاوەکو تاکەکان لە دۆخی ترسدا بمێننەوە و متمانە تەنها بە “دیکتاتۆرەکە” بکەن وەک پارێزەری ئەو شانازییە.
دواجار شانازی ئەگەرچی دەکرێت وەک وزەیەکی ئەرێنی بۆ بونیادنانی خود و نیشتمان بەکاربێت، بەڵام گەر بە عەقڵ و ڕەخنە کۆنتڕۆڵ نەکرێت، دەبێتە “ئاوێنەیەکی چەماوە” کە تێیدا ڕاستییەکان تێکدەچن. شانازییەکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و داهێنان بێت، نەک لەسەر بنەمای وەهم و چەوساندنەوەی ئەوانی تر. مرۆڤی هۆشیار ئەو کەسەیە کە دەزانێت کەی “بنازێت” و کەی ئاگاداری ئەو “وەهمە” بێت کە دەیەوێت لە ڕاستییەکانی ژیان دایببڕێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە