موچەکانمان بە مەیتەرەکاندا بهاتایە ئێستا گەیشتبوو ؟!

ئاوات قەرەداغی

بەدێژای چل ساڵی ڕابردوو کێشەی موچە لە کوردستاندا بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە چارەسەریش ناکرێت چونکە موچە بووەتە چەکێك لەنێوان سیاسیەکاندا و ئێستا ململانێکە حکومەتی عێراقیشی چووەتەسەر ئەوەندەی تر ئاڵۆز بووە شرۆڤەیەکی فەلسەفی بۆ ئەم بابەتە دەخەینە ڕوو .

​١_ململانێی “سێرتیتیود دڵنیایی لە بەرامبەر سیستەمدا .
​لە فەلسەفەی وجودیدا، مرۆڤ پێویستی بە جێگیری هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت مانا بە ژیانی ببەخشێت، لێرەدا، مۆدێلی “مەیتەر و ئەسپەکەی” نوێنەرایەتی سیستەمێکی نەریتی، خێرا و ڕاستەوخۆ دەکات؛ ئەسپ کە هێمای خێرایی کلاسیكییە، لە زەینی مرۆڤدا متمانەی زیاترە وەکو لەو “سیستەمە بیرۆکراسییە مۆدێرنە پڕ لە گرێکوێرەیەی کە بەڵێنی داهاتوویەکی نادیار دەدات. مرۆڤی غەدرلێکراو پەنا دەباتە بەر ڕابردوو مەیتەرچونکە سیستەمی ئێستا لە تاقیکردنەوەی “متمانە”دا شکستی هێناوە.

​٢_کات وەکو ئامرازێکی سەرکوتکردن
​فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فوکۆ باس لەوە دەکات کە دەسەڵات تەنها بە زەبروزەنگ حوکم ناکات، بەڵکو بە “کۆنتڕۆڵکردنی کاتیش کاتێك موچە کە مافی سەرەتایی ژیانە دەبێتە بابەتێکی پڕ لە چاوەڕوانی و دواکەوتن کات لە ئامرازێکی سروشتییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی دەسەڵات بۆ ڕاگرتنی مرۆڤەکان لە دۆخی دڵەڕاوکێدا، دەستەواژەی “ئێستا گەیشتبوو” نیشانەی تێپەڕینی کاتی بایۆلۆژی و دەروونی مرۆڤە کە زۆر خێراترە لە کاتی سستی بیرۆکراسیی فەرمانڕەوایان.

​٣_ پارادۆکسی مۆدێرنیتە و تەکنەلۆژیا
​ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە جیهان بووە بە گوندێکی بچوك و گواستنەوەی پارە بە چرکەیەك لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی تر دەچێت سەردەمی دیجیتاڵی بەڵام کاتێك كه دەڵێین بە مەیتەر بهاتایە خێراتر بوو لێرەدا پێکدادانێکی قوڵ دروست دەبێت پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بێ مانایە کاتێك ئیرادەی مرۆیی لە پشتییەوە نەبێت مەیتەرەکە بە ئەسپە سادەکەیەوە، ئیرادەیەکی ڕاستگۆیانەتری هەیە بۆ گەیشتن، وەك لە سیستەمێکی پڕ لە ئامێری مۆدێرن کە ئیرادەی خزمەتکردنی تێدا نییە.

​٤_گۆڕانی بەها و چەمکی بێ هیوایی
​بەپێی فەلسەفەی عەبەسیەت بێمانایی لای ئەلبێرت کامۆ، مرۆڤ کاتێك توشی بێ هیوایی دەبێت کە داوای مانا و دادپەروەری لە گەردونێك یان دەسەڵاتێك دەکات کە سارد و بێباکە لە ئاستیدا.
ئەم دەستەواژەیە گوزارشتە لە لوتکەی عەبەسیەت مەیتەرێك کە لە ڕوی کۆمەڵایەتییەوە لە نزمترین ئاستی چینایەتیدا سەیر دەکرێت، لە ڕوی ئەخلاقی و بەجێگەیاندنی ئەرکەوە دەبێتە نمونەیەك کە باڵاترە لەوانەی لە لوتکەی دەسەڵاتدا دانیشتوون
​دەرەنجام ئەمە شکستی گرێبەستی کۆمەڵایەتیە کاتێک مرۆڤ ئامادە دەبێت چارەنوسی خۆی بداتە دەست مەیتەرێکی ڕێبوار نەك دامەزراوەكان ئەوەتەی هەن بەعەقڵی تاکی کورد ڕادەبوێرن لەوڵاتێکی پڕ لە نەوتدا، ئەوە ڕاگەیاندنی مردنی متمانەیە بە هەر سیستەمێك کە مرۆڤایەتی و کەرامەتی تاك پشتگوێ بخات، پێم وایە ئەو دەسەڵاتەی کە ئێستا لە عێراقدا حوکم دەکات دادپەروەر نیە، ئەگینا بۆ دەبێ مامۆستاو فەرمانبەر باجی کەلە ڕەقی سیاسیەکان بدەن؟!

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە