سێنتکۆم: هێرشی نوێمان کردووەتە سەر ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا لە 9ـی تەممووزی 2026 ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی گەڕێکی نوێی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە. ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە لاوازکردنی تواناکانی تارانە لە بەئامانجکردنی کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە سڤیلەکان لە گەرووی هورمز. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەدا کە لەم هێرشانەدا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی ئێرانی کراونەتە ئامانج.

ئامانجەکان بریتی بوون لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەی چاودێریی کەناراوەکان، کۆگاکانی مووشەک و درۆن، لەگەڵ تواناکانی هێزی دەریایی و ژێرخانی لۆجستی سەربازی لەسەر درێژایی کەناراوەکانی ئێران. ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە لە 7ـی تەممووزیشدا، هێزەکانی ئەمریکا نزیکەی 80 ئامانجی دیکەی سەربازییان پێکابوو، کە زیاتر لە 60 بەلەمی سەر بە سوپای پاسدارانی تێدابوو. ئەم هەڵمەتانە وەک وەڵامێک بوون دوای ئەوەی ئێران بە هێرشکردنە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز، ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردبوو.

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی واشنتن، تاران ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین. هاوکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی کاتیی سزاکانی لەسەر نەوتی ئێران دا.

ئەمریکا و ئێران یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی 17ـی حوزەیران، کە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە واژۆکرابوو کە لە 28ـی شوباتەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردبوو. سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات ئەم پەرەسەندنە سەربازییە بە زوویی کۆتایی بێت و ئەگەری گفتوگۆی زیاتری لە نێوان هەردوولادا بەدوور نەزانی، لە کاتێکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بۆ جێبەجێکردنی هەر فەرمانێکی نوێی سەرۆکی وڵات لەوپەڕی ئامادەباشیدان.

#سێنتکۆم #ئێران #ئەمریکا #گەرووی_هورمز #هێرشی_سەربازی #کۆتاییهاتنی_شەڕ

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە