پەرلەمانتارێک، بەر لە سویند خواردنی یاسایی، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کرا و بڕێکی زۆر لە پارە و سامانەکەی دەستی بە سەردا گیرا.
لە درێژەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییدا، چەندین هەنگاوی نوێ نراون کە دەستگیرکردنی بەرپرسان و دەستبەسەرداگرتنی سامانێکی زۆری گەندەڵکارانی لەخۆگرتووە. ئەم هەڵمەتە جەخت لەسەر بنەمای ئەوە دەکاتەوە کە هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و بێ گەڕانەوەیە.
حسێن تالیب، کە بڕیار بوو وەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایی بخوات، پێش ئەوەی سوێندەکەی بخوات دەستگیر کرا، هاوکات، چوار سەرکردەی دیکەی سەر بە هێزێکی چەکدار بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵیدا دەستبەسەر کراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بازنەی لێکۆڵینەوەکان.
جگە لە دەستگیرکردنەکان، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەشدا گیراوە. لە یەکێک لە دۆسییەکاندا، سێ ملیۆن دۆلار و حەوت سەد ملیۆن دیناری حەمەد جومەیلی دەستی بەسەردا گیرا، لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەت کردووە کە لێکۆڵینەوە لە حەوت دۆسییەی گەورەی گەندەڵی بکات، ئەمەش فشارەکانی حکومەتی زیادکردووە لەپێناو خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی.
هەر لەم جوارچێوەیەدا سەرۆک کۆماری عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بڕیارێکی بێ گەڕانەوەیە و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە، حکومەتیش هەر جۆرە پارێزگارییەک بۆ ئەو کەسانەی کە لە لیستی گەندەڵیدا داواکراون ڕەتدەکاتەوە.