دەوڵەتی ئیتاڵیا بەرزترین پلەی رێزلێنانی خۆی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوار شەممە، 8ـی تەممووزی 2026، نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا مەدالیای “ئەستێرەی ئیتاڵیا”ی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای وەرگرتنی مەدالیاکە رایگەیاند، “سوپاس و پێزانینم بۆ ئەم رێزلێنانە دەردەبڕم، بەناوی گەلی کوردستان و عێراق، بۆ هەر کەسێک لە دۆستایەتی هەردوولادا بەشدار بووە، بە شانازییەوە ئەمڕۆ ئەم مەدالیایە وەردەگرم”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێدانی خەڵاتەکە باسی لەوە کرد، “پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینم ئاراستەی سێرگۆ ماتارێلا، سەرۆکک ۆماری ئیتاڵیا، حکومەت و گەلی ئیتاڵیا دەکەم بۆ ئەم رێزلێنانە”.
ئاماژەی بەوە دا، “پەیوەندی و هاوبەشییەکەمان لەگەڵ ئیتاڵیا تەنیا لە رووی سیاسییەوە نامێنێتەوە”.
مێژووی خەڵاتەکە:
ئەم خەڵاتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1947، ئەو کات بە ناوی (نیشانەی ئەستێرەی هاوسۆزیی ئیتاڵیا) بوو و زیاتر بۆ رێزلێنان بوو لەو کەسانەی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی رۆڵیان لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەی ئەورووپادا هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2011ـدا، لەسەر دەستی جۆرجیۆ ناپۆلیتانۆ، یازدەیەمین سەرۆککۆماری ئیتاڵیا یاساکە هەموارکرا و ناو و ئامانجەکەی گۆڕدرا.
ئامانجی خەڵاتەکە لە ئاوەدانکردنەوەوە بۆ بەرزکردنەوەی شکۆی نیشتمانیی ئیتاڵیا لە دەرەوەی وڵات، گۆڕدرا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستاییەتییەکان و هاوکاریی نێودەوڵەتی. ئەم رێزلێنانە ئێستا بەپێی فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەبەخشرێت.
