ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە (8ی تەمووزی 2026) هەڕەشەکانی بۆ داخستنی گەرووی هورمز نوێکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر گوشارەکانی سەر تاران بەردەوام بن و دڵنیایی پێویست سەبارەت بە جووڵەی دەریاوانی و بەڕێوەبردنی ڕێڕەوە ئاوییەکە بەدەست نەهێنێت، ئەوا بژاردەی داخستنی گەرووەکە وەک بژاردەیەکی کراوە لەسەر مێز دەمێنێتەوە.
ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە گرژییەکانی بۆ یەکێک لە ستراتیژیترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا گەڕاندەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، تاران پەیامی بە نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییەکان گەیاندووە، کە ئەگەری هەیە جارێکی دیکە پەنا بۆ داخستنی گەرووەکە ببات ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن. هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، ئێران جەخت لەسەر پلانی سەپاندنی باج بەسەر ئەو کەشتییانە دەکاتەوە کە بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی دژی ئەم داواکارییانە وەستاونەتەوە و هۆشدارییان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم هەنگاوە لەسەر ئاسایشی دەریاوانی و دابینکردنی وزە لە جیهاندا داوە.
جێگای ئاماژەیە، گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان، بەجۆرێک نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بازرگانیی نەوتی جیهان لە ڕێگەی دەریاوە بەم گەرووەدا تێپەڕ دەبێت. هەر هەڕەشەیەک بۆ داخستنی ئەم ڕێڕەوە، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کاریگەری لەسەر نرخی نەوت و جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی فراوانبوونی بازنەی گرژییەکان لە کەنداو زیاتر کردووە.
