سوپای پاسداران ڕایگەیاند لە وەڵامی ئەو ھێرشانەی کە شەوی ڕابردوو، لەلایەن ئەمریکاوە کرانە سەر باشووری ئێران، 85 دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکایان لە بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمریکا بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانیی بۆ سەر شارەکانی ھورمزگان و ماھشەھر باشووری ئێران، ئاگربەستی پێشێلکردووە.
ڕوونیشیکردەوە کە لە وەڵامی ئەو ھێرشانەی ئەمریکا، بە ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک و درۆن، 85 دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکایان لە کوەیت و بەحرێن کردووەتە ئامانج.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە جۆری ” MQ-9″، لەلایەن ھێزی ئاسمانیی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە بخرێتەڕوو.
پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە وەک وەڵامدانەوەی ھێرشی ئێران بۆسەر سێ کەشتی بازرگانی لە گەرووی ھورمز، زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئێران.
ئەوەشی خستبووەڕوو کە زیاتر لە 80 ئامانجیان لە ئێراندا بۆردومان کردووە.
