وەزارەتی کارەبا داتای پڕۆژەی ڕووناکی بۆ مانگی ئایار ئاشکرا دەکات: نیوەی هاووڵاتیان سوودمەند بوون و نرخەکان کەمترن
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، داتای نوێی پسوولەکانی کارەبای پەیوەست بە پڕۆژەی “ڕووناکی” بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە بەشێکی بەرچاوی هاووڵاتیان بەهۆی گۆڕانکارییەکانەوە بڕە پارەی کەمتریان بۆ گەڕاوەتەوە. بەپێی داتاکان، زۆرینەی هاووڵاتیان لەو مانگەدا ماوەی خوولی پسوولەکانیان نزیکەی 41 ڕۆژ بووە.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەت، لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا، نیوەی بەشداربووانی پڕۆژەکە کەمتر لە 38 هەزار دینار و 550 کیلۆوات کاتژمێریان بۆ گەڕاوەتەوە. ئەم ئامارانە بەپێی پارێزگاکان جیاوازییان هەیە؛ بەجۆرێک لە هەولێر ئەم بڕە بۆ 43 هەزار دینار و 610 کیلۆوات کاتژمێر بەرزدەبێتەوە، لە سلێمانی 32 هەزار دینار و 465 کیلۆوات، لە دهۆک 41 هەزار دینار و 620 کیلۆوات، و لە پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین ڕێژە تۆمارکراوە کە 30 هەزار دینار و 423 کیلۆوات کاتژمێر بووە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردووە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90٪ی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە. هەروەها بەپێی نرخە نوێیەکانی پڕۆژەکە، 80٪ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی چینە کەمدەرامەتەکان، بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە دەەیاندا، ئێستا پارەیەکی کەمتر خەرج دەکەن.
جێگای ئاماژەیە پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ نرخە نوێیەکانی کارەبای پەسەند کرد، وەک بەشێک لە بەرنامەی فراوان بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوامی 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.

