ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبۆتەوە و پەرلەمانتارانی كورد پرسی مووچەیان لەگەڵ ورووژاندووە و ئەویش بڕیاریداوە “هەفتەی داهاتوو پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت”.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا بە پەرلەمانتارە کوردەکانی وتووە: “پارەی کاشم لە بەردەستدا نییە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەر بۆیە تاکو ئێستا مووچەی مانگی شەشم بۆ نەناردوون”.
ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوە لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بەشدار بووە و دەڵێت: وەزیری دارایی وتی” مووچەی کوردستان دەنێرم و سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارە دێت”.
لای خۆشیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق پێی وتوون، “ویژدانی قبووڵ ناکات مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانی”.
فالح ساری وتوویەتی، 120 ملیارەکە یاسایی نییە و ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: دەبێت شاندێکی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی 120 ملیارەکە بچنە بەغدا، تا کێشەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق چارەسەر بکرێت.
هاوکات، دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فالح ساری پێی وتوون، “مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ مووچەی مانگی داهاتووش پێویستیان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە.
