پەرلەمانتارێكی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەغدا داوا دەکات نرخی بەنزین لە هەرێمیش بکرێتە 450دینار، یان نەوتەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
جوانرۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی فەرمی حزبەکەی ڕایگەیاندووە، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ناڕوونیی داهاتی بەنزینی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.
ڕاشیگەیاندووە، لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق بە واژۆی سەرۆکی پەرلەمان و بە بەشداری وەزیری نەوتی عێراق پێکهێنراوە. ئامانجی سەرەکی لیژنەکە وردبینییە لە شێوازی پاڵاوتن و دابەشکردنی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی ڕۆژانە دەدرێتە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕە نەوتە، ڕۆژانە زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام تەنها ملیۆنێک و 900 هەزار لیتری بە نرخی 750 دینار دەدرێتە هاووڵاتییان، کە ئەمەش بڕێکی زۆر کەمە و چارەنووسی بەشە زۆرەکەی دیکەی نادیارە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە، کە بەغدا دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم هەرێمی کوردستان؛ “یان دەبێت نرخی بەنزین هاوتا بکرێت لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە 450 دینارە، یان ئەو بڕە نەوتە بگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق”.
ئەو پەرلەمانتارە ڕەخنەی توندی لە قۆرخکارییەکانی ناوخۆی هەرێم گرت و ڕایگەیاند، بەهۆی پاوانکردنی داهات و سامانە سروشتییەکانەوە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناچار بوون بۆ دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانیان چاویان لە بڕیارەکانی بەغدا بێت و لەوێوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.
