وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبۆتەوە و باسی پرسی ئامادەكردنی بودجەی ساڵی نوێ و تەرخانكراوی دارایی بۆ چاككردنی دۆخی كارەبا و دابین كردنی مووچە و بەتایبەت مووچەی هەرێمی كوردستانی كردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی عێراق، فالح ساری، وەزیری دارایی، جەختی کردەوە کە قۆناغی یەکەمی “بودجەی بەرنامە و کارایی”، کەرتی کارەبا و هەردوو پارێزگای دیوانیە و سەڵاحەدین دەگرێتەوە، بەو مەرجەی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا بە شێوەیەکی پلەبەرزانە فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت بگرێتەوە.
ڕوونی کردەوە، هەڵبژاردنی وەزارەتی کارەبا لەبەر ئەوە بووە کە ئەم کەرتە لە ساڵانی ڕابردوودا بڕە پارەیەکی زۆری بەفیڕۆ داوە بەبێ ئەوەی ئەنجامە خوازراوەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش وا دەخوازێت بودجەی بەرنامەکان پەیڕو بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاراستەکردنی خەرجییەکان بەرەو چارەسەری بەردەوام و ئەنجامی پێوراو.
وەزیری دارایی، ئەندامانی لیژنەکەی لە دۆخی دارایی ئێستا و ئەو ڕێوشوێنانە ئاگادارکردەوە کە وەزارەت بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونە داراییەکان گرتوویەتیەبەر، لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان.
کۆبوونەوەکە هاوڕایی لەسەر تێڕوانینەکان سەبارەت بە ئەولەویەتەکانی چاکسازی دارایی بەخۆوە بینی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان بۆ سەرخستنی پڕۆژەی بودجەی داهاتوو و بەدیهێنانی ئامانجەکانی چاکسازی دارایی و کارگێڕی.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا بە پەرلەمانتارە کوردەکانی وتووە: “پارەی کاشم لە بەردەستدا نییە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەر بۆیە تاکو ئێستا مووچەی مانگی شەشم بۆ نەناردوون”.



