داوای بە هەمیشەیی کردنی 75 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست دەدرێتە عەلی زەیدی

نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داواکاری 75 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەستی هەرێمی بە نووسراوێک ئاڕاستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی بکرێنە هەمیشەیی.

کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەس بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: ژمارەیەک لە نوێنەرەکانی مامۆستایانی گرێبەست سەردانی فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیان کردووە و داواکاری 75 هەزار مامۆستاو فەرمانبەری گرێبەستیان پێگەیاندووە بۆ ئەوەی بکرێنە هەمیشەیی.

وتیشی: “فەرهاد ئەتروشی داواکاری ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی بە نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و داوای کردووە هاوشێوەی گرێبەستەکانی عێراق گرێبەستەکانی هەرێمیش بکرێنە هەمیشەیی”.

باسی لەوەشکرد، چاوەڕوانی وەڵامی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی وەڵام بداتەوە کە ئایا دەکرێت ئەو گرێبەستانە بکرێنە هەمیشەیی، یان بڵێت دەبێت حکومەتی هەرێم بیانکاتە هەمیشەیی.

بەپێی وتەی نوێنەرەکەی مامۆستایانی گرێبەست، لە ئێستادا گرێبەستەکان دۆخیان زۆر خراپە و مووچەکانیان بەهۆی ئەوەی لەسەر داهاتی ناوخۆیە زۆر دوادەکەوێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کە بەنیازن هەڵمەتێکی چڕ بۆ سەردانی کردنی نوێنەرانی کورد لە بەغداد بکەن بۆ گەیاندنی کێشەکەیان بە پەرلەمانتارانی کورد.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە