وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەم زووانە كێشەی بێ ئاوی لە گەڕەكەكانی سلێمانی چارەسەر دەبێت.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، کە کێشەی کەمئاوی لە گەڕەکەکانی پارێزگاکە بەرەو چارەسەربوون دەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی سێ پەمپی نوێی ئەمریکی بۆ پڕۆژەی دووی ئاوی دوکان-سلێمانی دابینکراون لەگەڵ تەواوبوونی کاری چاکسازیی چەند پەمپێکی دیکەی لەکارکەوتوو. بڕیارە لەم مانگەدا جێگیر بکرێن.
وتیشی، “بەم هەنگاوە دۆخی دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێتەوە و پرۆسەی پێدانی ئاو بە هاووڵاتیان دەبێتە سێ ڕۆژ جارێک”.
وتەبێژی ئاوی سلێمانی دڵنیاییشی دا، کە “لەپێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە وەرزی گەرمادا، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی، بەردەوام پشکنین بۆ پاکوخاوێنیی ئاوەکە دەکرێت و تەنیا دوای دڵنیابوونەوە و دەرچوونی لەو پشکنینانە بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە”.
بەپێی زانیارییەكان، دانانی پەمپەكان و چاكسازی لە پەمپە كۆنەكان تا كۆتایی ئەم مانگە تەواو دەبن و بەوەش بۆ مانگی داهاتوو كێشەی بێ ئاوی نامێنێت.
