بەرپرسانی سووتەمەنی لە هەولێر ڕایدەگەیەنن، كە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابەزین و لە هەولێر 100 دینار بۆ لیترێك دابەزیوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو زیاتر هەرزان بێت.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر رایگەیاند، پێشتر بەهۆی تەنگژە جیهانییەکانەوە نرخی سووتەمەنی لە سەرتاسەری جیهان و عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەرز بووەوە، بە جۆرێک نرخی یەک لیتر بەنزینی ئاسایی گەیشتە 1175 دینار، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەو تەنگژانە، بەرەبەرە نرخەکان لە دابەزیندان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەنزینەی لە پشکنینەکانی حکومەت دەردەچێت و جۆرایەتییەکەی گونجاوە، نرخی یەک لیتری لە نێوان 915 بۆ 920 دینارە، لە کاتێکدا پێشتر 1000 دینار بوو. هەروەها بەنزینی جۆری کار یەک و کار دوو، پێشتر بە 1120 دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە 960 بۆ 965 دینار، واتە بڕی زیاتر لە 100 دینار لە نرخەکەی دابەزیوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر پێشبینی دەکات، لە هەفتەی داهاتوودا نرخی بەنزینی بازرگانی زیاتر دابەزێت، چونکە بازگەکان کراونەتەوە و ئاسانکاری کراوە، هەروەها نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهاندا رووی لە دابەزینە و ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەرزانبوونی نرخی بەنزین لە ناوخۆدا دەبێت.
لە ئێستادا لە بەنزینخانەكانی هەولێر و سلێمانی نرخی بەنزین جگە لە بەنزینی حكومی 750 دیناری هەر وەكو خۆیانن و هیچ دانەبەزیون و نرخی لیترێك بەنزینی موحەسەن 1290 دینار و ئیماراتی 1490 دینار و سوپەر 1590 دینارە..
بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) لە سلێمانی، نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ 1050 دینار و موحەسەن 1250 دینار و سوپەر 1350 دینارە.
لای خۆشیەوە، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتی، “بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەپێدان بە بازرگانان بۆ هاوردەکردنی بەنزین، هەنگاوێکی کاریگەر و گرنگ بوو بۆ شکاندنی نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا. هەر دوای دەرچوونی بڕیارەکە، ئەمڕۆ نرخەکان دابەزینیان بەخۆوە بینیوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەرچەندە بازرگانان بڕی زیاتری بەنزین هاوردە بکەن، کێبڕکێی بازاڕ زیاتر دەبێت و نرخەکە زیاتر دادەبەزێت.
جەختیشی کردەوە، کە حکومەت هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ سوککردنی باری دارایی هاووڵاتیان و هەرزانکردنی سووتەمەنی.
سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزینی بەشەوانە، ئاری کاکەشین ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و وتی، “ڕۆژانە نزیکەی 700 هەزار لیتر بەنزین لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت و بەنزینەکە لە ڕێگەی بەنزینخانە دەستنیشانکراوەکانەوە بە نرخی پاڵپشتیکراوی 750 دینار بۆ هەر لیترێک بە شوفێران دەدرێت.
نرخی بەنزین چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە هەولێر

