دابەشكردنی مووچە زیاتر دوادەكەوێت

 

ماوه‌ی زیاتر له‌ 40 ڕۆژه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هێشتا كاتی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی حوزه‌یرانیش دیار نییه‌، هۆكاری دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ش بۆ نه‌بوونی پاره‌ی كاش له‌ عێراق و كێشه‌ی داهاتی ناوخۆ له‌ نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستانه دەگەڕێتەوە.

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، کێشەی سیولەمان هەیە و لەم دوو ڕۆژە بانکی ناوەندی چارەسەری دەکات و مووچەی هەرێم خەرج دەکەم.

ماڵپەڕی فەرمی یەكێتیی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی به‌ نیازه‌ مانگانه‌ له‌گه‌ڵ مووچه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق، مووچه‌ی هه‌رێمیش بنێریت، به‌ڵام نه‌ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانه‌وتی و نه‌بوونی پاره‌ی كاش كێشه‌ی بۆ مووچه‌ دروستكردوه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم چه‌ند جارێك به‌ فەرمی ڕایگه‌یاندووه‌، توانای دابینكردنی 120 ملیار دینار مانگانه‌یان نییه‌ بیده‌نه‌ عێراق، چونكه‌ به‌هۆی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و سیستمی ئه‌سیكۆداوه‌ داهات كه‌می كردووه‌.

پێشتریش له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، سروه‌ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی پەرلەمانی عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی ڕاگه‌یاندبوو: داهاتی نانه‌وتی هه‌رێم، هه‌میشه‌ بووه‌ته‌ كێشه‌ بۆ مووچه‌ی مووچه‌خۆران و ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، پابه‌ندییه‌كانی جێبه‌جێ بكات و پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كان بێت.

وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رۆژی 26ی5ی2026، مووچه‌ی مانگی ئایاری دابه‌شكرد، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ جه‌ژنی قوربان، له‌ دوای ئه‌و به‌رواره‌شه‌وه‌ تائه‌مڕۆ 6ی7ی2026 مووچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌ و كاتی ناردنیشی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ دیار نییه‌، به‌مه‌ش مووچه‌خۆران ده‌بێت زیاتر چاوه‌ڕ‌وانی هاتنی مووچه‌ بن كه‌ 41 ڕۆژه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئپەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە میدیای حزبەكەی وتووە، “وەزیری دارایی فیدڕاڵ بڕیاریداوە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێش سەرۆكایەتییەكانی عێراق ڕەوانە بكات و دابەش بكرێت، ئەمەش خاڵێكی ئەرێنییە”.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، ئێمە وەكو پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی سەر بە میلاكی دیوانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تا ئێستا مووچەمان وەرنەگرتووە و كێشەی كەمیی نەختینە هەیە.

دووبەردانی وتیشی، “وەزیری دارایی فیدڕاڵ پێی ڕاگەیاندووین، سەرەتا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی وەزارەتەكانی فیدڕاڵ تەمویل دەكەم، ئینجا مووچەی ئەنجوومەنی نوێنەران و دیوانی سەرۆكایەتیی كۆمار و سەرۆكایەتیی وەزیران دابەش دەكرێت”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە