ئەمیر عومەر
سەیرە، لە سەردەمێکدا دەژین کە “وتن” ئاسانترین کارە و “مانا” دەگمەنترین شتە. رۆژانە بە هەزاران وشە لە ڕێگەی تەلەفزیۆن، سۆشیاڵ میدیا و سەکۆ جیاوازەکانەوە دەپژێن، بەڵام کاتێک گوێ دەگریت، هەست دەکەیت لە ناو بەتاڵییەکی گەورەدا دۆش داماوی. ئەمە ئەو دۆخەیە کە دەکرێت پێی بڵێین نووسین و وتن لەسەر هیچ، بۆ گەیشتن بە هیچ. بەشێكی زۆر لەمیدیا و سەکۆکانی ئەمڕۆ بوونەتە بازاڕی نمایشکردنی خۆڵەمێش و خەریکە هونەری قسەکردن دەبێتە هونەری پڕکردنەوەی کات. دەبینیت پێشکەشکارێک، شرۆڤەكارێك، لێکۆڵەرێک، کاتژمێرێک قسە دەکات، بەڵام ئەگەر لێی بپرسیت تۆ چی وتت؟ وەڵامەکەی بریتییە لە هیچ.
لە میدیای ئەمڕۆدا، ناڵێم هەموو بەشێكی زۆریان خێرایی لە پێش کوالێتیدایە، کاتێک بەپەلە دەنووسیت یان قسە دەکەیت تەنها بۆ ئەوەی بۆشاییەکانی کات پڕ بکەیتەوە، ئەنجامەکەی بە دڵنیاییەوە هیچە. زۆرێک لە دەردەکەوتنی میدیایی تەنها بۆ وروژاندنی سۆزی بینەرە، نەک گەیاندنی زانیاری یان دۆزینەوەی چارەسەر، ئەمە قسەکردنە لەسەر هیچ چونکە هیچی لێ شین نابێت. هەندێک جار بێدەنگی لە قسەی بێ بنەما بەهێزتر و کاریگەرترە، بەڵام میدیا و سەکۆکان وا فێریان کردووین کە ئەگەر قسە نەکەیت، واتە بوونت نییە، ئینجا ئەگەر قسەکەشت هیچ بێت، کێشە نییە.
ڕاستییەکە ئەوەیە پێویست ناکات لەسەر هەموو شتێک قسە بکرێت. زۆر جار بێدەنگی لە ئاست بابەتێک کە شارەزاییت تێیدا نییە، یان بابەتێک کە هیچ بەهایەکی بۆ کۆمەڵگە نییە، شکۆمەندییە. بەڵام ئێمە کەوتووینەتە داوی ئەوەی کە دەبێت دەنگمان هەبێت، تەنانەت ئەگەر ئەو دەنگە تەنها دەنگدانەوەی بەتاڵیی بێت. کاتێک میدیا و سەکۆکان دەبنە شوێنی قسەکردن لەسەر هیچ، تاک و کۆمەڵگەش تووشی جۆرێک لە بێهیوایی دەبن، چونکە مرۆڤ بە زانیاری و مانا دەژی، نەک بە دەنگەدەنگی بەتاڵ. بۆیە با کەمتر بڵێین و زیاتر مانادار بین، چونکە لە کۆتاییدا، هەرچییەک بڵێین کاتێک لەسەر بنەمای زانیاری و پێویستی نەبێت، هەر هیچە. با فێری ئەوە بین کە هیچ نەوتن، باشترە لە وتن لەسەر هیچ.
پشتیوان بەخوا . . ئیتر كاتیەتی ئەزموونی ٢٧ ساڵی میدیا و تەكنیكی داڕشتن و چیرۆكە هەواڵ و توانای دەنگ و ڕەنگم كۆبكەمەوە.
