سەربازانی تورکیا، شەش گەنجی شارەدێی شیلادزێ دەستگیردەکەن و دوای ڕۆژێک لە ئەشکەنجەدانیان، ئازادیان کردن.
کامەران عوسمان لە ڕێکخراوی “سی پی تی” ئەمریکی ڕایگەیاند، دوێنێ شەش گەنجی شارەدێی شیلادزێی سەر بە ئامێدی، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای خۆڕسک ڕوویان کردبووە گوندەکانی (بێسەپێ و کوکەرێ) لە نزیک چیای کوڕەژارۆ لە پشتی شیلادزێ، کەوتوونەتە بۆسەیەکی سەربازانی تورکیا و دەستگیریان کردوون.
ڕوونیشیکردەوە کە “سەربازانی تورکیا بە قۆناغی تفەنگ و شەق و زلـلە” لەو گەنجانەیان داو و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، ئەمڕۆ ڕێگەیان دەدەن کە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.
کامەران عوسمان ڕاشیگەیاند کە سەربازە تورکەکان پێیان وتووتن: “ئەگەر جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنە ئەوا ژیان بە چاوی خۆتان نابیننەوە و دەتانکوژین”.
ئەوەشی خستەڕوو کە هەر لەو ڕووداوەدا، سەربازانی تورکیا بە قۆناغی تفەنگ و بەرد لەو ئێسترەشیان داوە کە گەنجەکان بۆ بارلێنان و ئاسانکاری لەگەڵ خۆیاندا بردبوویان.
شارەدێی شیلادزێ، یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. سەرچاوەی بژێوی ژیانی زۆرینەی خەڵکەکەی لەسەر کۆکردنەوەی گیا خۆرسکەکان و جوتیارییە. تاوەکو ئێستا ٩٢ گوندی سنووری ئەو شارەدێیە لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیرکراون و خەڵکەکەی ناتوانن بچنەوە گوندەکانییان.





