دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی سزای لەسێدارەدانی عەجاجی پەسەند کرد

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ڕایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی سزای “لەسێدارەدان تا مردن”ی لە دژی عەجاج تکریتی، پەسەند کرد کە تاوانبار بوو بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە هاووڵاتییان کورد لە کاتی ئەنفالدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ڕایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی سزای لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی پەسەند کرد کە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژکردنی قوربانییانی ئەنفالی بەسەردا ساغ ببووەوە.

وتیشی: “تاوانبار بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی و بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی کورد کە لە ئەنفالدا ڕزگاریان ببوو”.

ئەوەشی خستەڕوو کە عەجاج “تاوانی زۆر ترسناکی بەرامبەر بە زیندانییانی نوگرە سەلمان ئەنجامداوە، وەک برسیکردن و تینوکردن و ئەشکەنجەدان تا مردن لەگەڵ دەستدرێژی سێکسی دژ بە ژنان”.

لامی ڕاشیگەیاند، دۆسیەکە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار دەنێردرێت بۆ پێداچوونەوە و دەرکردنی فەرمانی کۆماریی بۆ پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانباردا.

ڕۆژی 14ی ئایاری ڕابردوو دادگای تاوانەکانی بەغدا لە دووەم دانیشتنیدا بڕیاری لەسێدارەدان تا مردنی بۆ عەجاج دەرکرد.

عەجاج تکریتی یەکێکە لە تاوانبارە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژکردنی گەلی گورد لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا و پێشتریش لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە.

نزیکەی 220 هاووڵاتی لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ناوچەکانی گەرمیان، خورماتوو، سلێمانی و هەولێر لە دادگا ئامادە بوون.

عەجاج ئەحمەد حەردان زعێت تەلعوبێدی لە ساڵی 1960 لە شاری تکریت لە پارێزگای سەڵاحەددین لەدایکبووە و سەر بە عەشیرەتی ئەلبووناسر و هۆزی نزارە، کە هەمان عەشیرەتی سەدام حسێنی دیکتاتۆری پێشووی عێراقە.

ژیانی سەربازی و پیشەیی لە ڕێکەوتی 14ی تەممووزی 1985 بە پلەی مولازم خوێندنی سەربازی تەواو کردووە و وەک ئەفسەری ئەمن دەستبەکار بووە. چوار ناوچەی جیاوازی پارێزگای موسەنا ئەرکی پێسپێردراوە. دواین و گرنگترین پلەی کارگێڕی و سەربازیی وەک بەرپرسی ئەمنی زیندانی “نوگرەسەلمان” بووە.

عەجاج یەکێک بووە لە دڕندەترین ئەفسەرەکانی ڕژێمی بەعس و هیچ بەزەییەکی بەرامبەر بە کورد نەبووە.

ئەم تاوانبارە دڕندەیە لە کاتی چوونە ناو هۆڵەکانی زیندان، بەبێ ئەشکەنجەدان و ڕەوانەکردنی چەند هاووڵاتییەکی کورد بۆ لێواری مەرگ نەهاتووەتە دەرەوە. بەهۆی ئەم کارانەیەوە، ناوی لە لیستی تاوانبارانی کەیسی ئەنفالدا جێگیر کراوە.

عەجاج دوای ساڵانێکی زۆر لە خۆحەشار دان، لە کۆتاییەکانی تەممووزی 2025  بە هەماهەنگی نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق لە پارێزگای سەلاحەددین دەستگیرکرا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە