ئەبوبەکر عەلی
سەرجەم هەوڵەکانی نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی، لە هەرێمی کوردستاندا، بە ئاستی جیاواز، شکستیان خوارد. ئەوەش گریمانەیەک نییە پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە هەبێت بۆ سەلماندنی، بەڵکو ڕاستییەکە و ڕۆژانە دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەین. جگە لە شکستی هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن، زۆربەی ئەو هەوڵانەی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووشەوە، لەسەر ئاستی هەردوو حیزبەکە و کەسە یەکەمەکانیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی حیزبیی و حکومیی دران، زۆر کەم نەبێت، سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا!
سەرۆکی یەکێ لە دوو حیزبە حوکمڕانەکە لە وەڵامی پرسیاری کادرێکی حیزبەکەیدا دەربارەی هۆکاری ئەو شکستە، لە پەیوەندی بە چاکسازی ناوخۆیی حیزبەوە، زۆر بە ڕاشکاویی وەڵامی داوەتەوە و وتوویەتی “ئەگەر تا سەر لەگەڵی بڕۆیشتمایە، دەبوو حیزب هەڵبوەشێنمەوە، منیش کاری وا ناکەم”. کاک مەسعود بارزانیش لە یاداشتەکانی خۆیدا دەربارەی بێئاکامی و شکستی کارەکانی ئەو لیژنە چاکسازییەی کاتی خۆی لە سەرۆکایەتی هەرێم پێکیهێنا نووسیویەتی (مافیاکانی گەندەڵی لە ئێمە بەهێزتر بوون و شکستیان بە لیژنەکە و هەوڵەکانی ئێمە هێنا!) ئێستاش دۆخەکە بەشێوەیەکی گشتی، بە دانپیانانی خودی بەرپرسە پلەیەکانی هەرێم، درێژەپێدەری ئەو ڕابردووەیە، هۆکارێکی پشت ئەو بنبەستە سیاسیەشە کە ئەمڕۆ یەخەی میللەتی ئێمەی گرتووە و بۆتە هەرەشە بەسەر خودی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە.
هەموو ئەوەش دەیسەلمێنێت، هەرێمی کوردستان ژێرخانی چاکسازی پێویستی تێدا نییە، هۆکارەکانی پشت شکستی هەوڵەکانی نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییش بونیادین و پەیوەندیان بە مۆدێلی حوکمڕانی و قەیران و کێشەکانیەوە هەیە. بۆیە، ئێمە لەم کورتە وتارەدا دەخوازین جارێکی تر سەرنج بۆلای ئەو هۆکارانە ڕابکێشین، بۆ ئەوەی لەم ڕووەوە تێگەیشتن و دیدێکی قووڵترمان بۆ پرسی نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی لا گەڵاڵە ببێت پێوەرێکیش بێت بۆ دەستنیشانکردنی میسداقییەت و جددیبوونی هەر هەوڵێکی نوێ، لە ئاییندەدا بەو ئاقارەدا. گرنگترین ئەو هۆکارانەش کە لای چاودێرانی بارودۆخی هەرێم شاراوە نین، لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەرجەستە دەبن:
یەکەم/ کاریگەری پاشماوەکانی عەقڵی شۆڕشگێڕی و خێڵ. عەقڵی شۆڕشگێڕیی (دیارە لێرەدا مەبەست عەقڵی زاڵی ناو بریار بەدەست و نوخبەی حوکمڕان و دەستڕۆیشتووە) بە شێوەیەکی گشتی، بەتایبەتیش بەرجەستە لە بزوتنەوە چەکدارییە بەرهەڵستکارەکاندا، کاتێک دەگاتە دەسەڵات، بەو جۆرەی توێژەران تاووتوێیان کردووە، زۆر کەم نەبێت دان بە لۆژیکی دەوڵەتدا نانێت، خۆی لەوە بە گەورەتر دەزانێت ملکەچی یاسا بێت و ئەوە بە پێچەوانەی شەرەف و مێژوو و ڕابردووی شۆڕشگێرانەی خۆی دەیبینێت و میللەت بە قەرزاری خۆی دەزانێت! ئەم عەقڵە بەگوێرەی پێویست جیاوازی لە نێوان موڵکی تاکەکەسی و گشتیدا ناکات! هاوشێوەی عەقڵی خێڵ، وەک سەرچاوەی غەنیمەت و دەستکەوت و ئامرازێک بۆ خۆپاراستن لە لێپێچینەوە و دادگا، دەڕوانێتە دەسەڵات!
دووەم/ شەڕی ناوخۆ و دووبەرەکی حیزبی و درێژ کێشانی ئەو ناکۆکیەی لە شەستەکانەوە دەستی پێکردووە و بەداخەوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و لە فۆرمی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە. ململانێی نێوان دوو حیزبەکە و بەتایبەتیش لە بەرگی شەری ناوخۆدا، بەدیاریکراویش گەڕە خوێناوییەکەکانی لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، تەنها دەرفەتی گەورەی سیاسی لەدەست کوردی ئەم پارچە و بەڵکو کۆی نەتەوەی کورد نەدا، لە دۆخێکی دژواری ژیان و گوزەرانی خەڵکدا، توانایەکی زۆری ماددی و مەعنەوی بەهەدەر نەدا، بەڵکو لەهەمان کاتدا زەبرێکی کوشندەشی لە ژیانی حیزبی و مەنزومەی بەهایی و ئەخلاقیی کۆمەڵگەی کوردستان دا، بە جۆرێک حورمەتی پیرۆزییەکانی کەمکردەوە، برەوی بە فەرهەنگی دزێوی ڕاو و ڕووت و تاڵانی دا، لایەنەکان لە سۆنگەی پێویستیان بۆ درێژەدان بە شەڕ و ململانێکان، جەستەی حیزبیان بەشێوەی خانەی شێرپەنجەیی قەبە کرد، سەرکردە حیزبییەکان دەستیان لە پێوەرە ئەخلاقیەکان شل کرد، لە حەشمەتی ئەوەی هەندێک لە میرەکانی شەڕ لە ترسی لێپێچینەوە سەنگەر نەگوازێتەوە بۆ لایەنی بەرامبەر، چاویان لە خراپە و ڕاو و ڕووت ودەوڵەمەندبوونی ناڕەوا پۆشی، شەڕەکە بوو بە فەزایەک بۆ ویژدان کرین و توانا خستنە بەردەم کەسانێک و بە ڕەمزکردنیان کە هەرگیز لە دۆخی ئاساییدا شایستەی ئەوە نەبوون، لێرەشەوە قەیرانی پێوەر لە دابەشکردنی دەسەڵاتی ماددی و ڕەمزیدا قووڵتر بوویەوە، لە سۆنگەی لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەرنەکردنی کێشەکان و بەردەوامبوونی ململانێکەش، کە سەرچاوەی شەرەکەبوو، دوای کۆتایهاتنی شەڕی گەرم و یەکگرتنەوەی شکڵیی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمیش، گوازرایەوە بۆ ناو حکومەت، ئەوەش بارگرانی و کێشەیەکی گەورەی بۆ دروستکرد و زەمینەی چاکسازیشی هێندەی تر لەبار برد، چونکە حیزب لە ئاستێکی بەربڵاوتر و بەشێوەیەکی ترسناکتر بوو بە ئامانج و قووڵتر لە جارانیش تێکەڵ بە حکومەت کرا. بەوەش نەتوانرا بە شێوەیەکی زانستی و لە ئاسۆیەکی نیشتیمانی فروانەوە کاروبارەکانی بەرێوە ببرێن! هەر لەم چوارچێوەشدا، پار ئەندامێکی مەکتەب سیاسی یەکێ لە دووحیزبەکە پێی وتم، ئێمە و بەرامبەرەکەمان تا بینەقاقا لە هەڵەدا ڕۆچووین، ململانێکانمان لەسەر حسابی گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێم بەڕێوە دەبەین، زۆرێک لە بریارەکانمنا تەنها لە سۆنگەی پێچەوانە جوڵانەوە لەگەڵ حیزبی بەرامبەردا دەیدەین، بێ گوێدانە ڕەنگدانەوەکانی بەسەر دۆخی حوکمڕانی و ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە!.
سێهەم/ نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێز و هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتووی ڕاستەقینە و ناڵاندن بەدەست فرە دەسەڵاتی و ڕواڵەتەکانی دوو ئیدارەییەوە. هەموو ئەوەش وای کردووە، هیچ بڕیارێک بەبێ ڕێپێدانی دەسەڵاتداری زۆن تێنەپەرێت، لەوانەش ئەو پرۆژە و بریارانەی پەیوەندیان بە چاکسازییەوە هەیە. لەو کاتەشدا هیچ کام لە دوو حیزبەکە ئامادەنین تەنها لە زۆنی خۆیاندا هیچ پڕۆژەیەک پیادە بکەن پەیوەندی بە چکسازی و ئیمتیازاتەکانی ئەوەوە هەبێت، ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین کە پڕۆژەیەکی لەو جۆرە لەئارادا بووە یاخود لە ئارادایە. نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز لە هەرێمدا، تەنها لەپشت شکستی هەوڵەکانی بەشێ لە نوخبەی حیزبیی حوکمڕانەوە نییە، بەڵکو بە هۆکارێکی هەرە بنەڕەتی شکستی هەوڵە چاکسازییەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش لەقەڵەم دەدرێت. بەم جۆرە لەسایەی نەبوونی دەستوور، دامەزراوەی نیشتمانی سەرو حیزبیی بەهێز، درێژەکێشانی ململانێکان و گواستنەوەیان بۆ ناو حکومەت، هەموو هەوڵێکی چاکسازی ڕاستەقینە لەگەڵ بەربەستی گەورەدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بژاردەی ئەزموونێکی هاوشێوەی سەنغافوورەشمان لەبەردەمدا نامێنێت، کە سەرکردەیەکی بەهێز و خاوەن دیدگا و ئیرادە، دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت و لە ڕێی بەکارهێنانی ڕەوایەتی و تواناکانی دەوڵەتەوە بە شێوازێکی نوێ، کۆتایی بە گەندەڵی و نادادی بهێنێت و وڵاتەکەمان لەم هەڕەشە گەورە و پەتا کوشندە ڕزگار بکات و بیخاتە سەر ڕێچکەی گەشەکردنی سرووشتیی خۆی، چونکە لە وڵاتێکی نایەکگرتوو و لەسایەی نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی ڕاستەقینەدا، یان هەر لە بنەڕەتەوە فریادڕەسێکی لەو جۆرە شانسی گەیشتنی بە دەسەڵات نیە، یاخود ئەگەر وا دابنێین بە جۆرێک لە جۆرەکان هەشیبێت، ژێرخان و پێداویستی و کەرەسەی پێویستی ئەنجامدانی ئەرکێکی نیشتیمانیی و ئەخلاقی گەورەی لەو جۆرەی لەبەردەستدا نابێت، بۆیە سەرەنجام نائومێد دەبێت و شکست دەهێنێت.
چوارەم/ نەبوونی بڕیار و ئیرادەیەکی بە بڕشتی سیاسی، کە بە قووڵی لە مەترسییەکانی گەندەڵی بۆسەر ئێستا و دواڕۆژی هەرێمەکەمان تێگەیشتبێت، بە کێشەیەکی گەورەی نیشتیمانی بزانێت و دانی پێدا نابێت، لەوانەش گرنگتر، ئامادەبێت لەپێناو بنبڕکردن و کۆتایپێهێنانی، چاو لە کەس نەپۆشێت و کەس لە سەرو یاساوە دانەنێت و هەمووان وەک یەک بخاتە بەردەم لێپرسراوێتی و لێپێچینەوەوە. هەربۆیە ئەگەر لە ئەدەبیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا داننان بە گەندەڵی وەک کێشەیەکی نیشتمانی گەورە و بوونی ئیرادەیەکی سیاسی بە بڕشت کە تا ئەوسەر لەگەڵ هەنگاوەکانی چاکسازیدا بڕوات و لە پیادەکردندا کەس هەڵنەوێرێت و لێپرسراویەتی ئاکامەکانی بگرێتە ئەستۆ، بە پێشمەرجی سەرکەوتنی هەر هەوڵێکی چاکسازی لەقەڵەم درابێت، لە ڕابردووی هەرێمدا بوونیان نەبووە، هەربۆیە بەشێ لە هەوڵەکان نمایشیی و بۆ کات بەڕێکردن و وەڵامدانەوەیەکی شکڵی بوون بە فشارە دەرەکییەکان. هەڵبەت ئەمە ڕێگە لەوە ناگرێت سەرکردەیەک نیازی چاکسازی هەبووبێت، چونکە نیازی ڕووت دەچێتە بازنەی خۆزگەوە و خۆزگەش لە ئیرادە و بڕیاری یەکلاکەرەوە جیاوازە و زیاتر لە خەون و شیعرەوە نزیکە.
پێنجەم/ بەگوێرەی پێویست لێکجیانەکردنەوەی دەسەڵاتەکان و لاوازیی ڕۆڵی دام و دەزگا چاودێرەکان لەوانەش پەڕلەمان و فەرمانگەی چاودێری دارایی.
شەشەم/ ناسەربەخۆیی و بێلایەن نەبوونی پێویستی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان و دەزگای داواکاری گشتی، لە جوڵاندن و لێکۆڵینەوە و حکومدان لەو دۆسیانەی پەیوەندیان بە گەندەڵیەوە هەیە، یاخود ڕاگرتنی پیادەکردنی ئەو حوکم و بڕیارانەی لەو چوارچێوەدا دەرکراون و دراوە! ئەمە جگە لەوەی لە سۆنگەی نەبوونی سەروەری یاسا و حوکمی دامەزراوەکانەوە، نوخبەیەک هەیە بە کرداری، لە سەروی یاسا و دادگا و لێپێچینەوەیە. هەموو ئەمەش لەکاتێکدایە کە دادگا لە هەموو وڵاتێکدا بە کۆڵەیەکی گرنگی هەر هەوڵێکی ڕاستەقینەی نەهێشتنی گەندەڵی و چاکسازی لەقەڵەم دەدرێت. دەزگای داواکاری گشتی و دادگاکان ڕۆڵی بنچینەیی لەم ڕووەوە دەگێڕن.
حەوتەم/ داڕوخاوی دۆخی عێراق لەڕووی گەندەڵییەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتە تایبەتیە نێودەوڵەتییەکان عێراق لە ڕیزی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندایە، قەبارە و جۆری گەندەڵی لە عێراقدا بەحوکمی زیاد لە هۆکارێک لە هەرێم گەورەتر و بەربڵاوترە، ئەوەش لە قۆناغی ڕابردوودا بە هۆکارێک دادەنرێت بۆئەوەی کاربەدەستانی هەرێم لە دوو حیزبەکە پرسی چاکسازی بە جددی وەرنەگرن و بە هەندێ هەوڵ و پڕۆژەی شکڵی وازبهێنن! چونکە ئەگەر عێراق بەو جۆرە نەبوایە بەغدا دەبووە فشارێکی گەورە و برادەرانیش پرسەکەیان بە جددیتر وەردەگرت.
هەشتەم/ خوێندنەوەی ناتەواو و هەڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە خوا حەزکات هەڵی دەگرین بۆ وتارێکی سەربەخۆ.
