وەزارەتی دارایی داهاتی حەوت ساڵی باجی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە بڕەکەی زیاتر لە پێنج ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە درێژەی خستنەڕووی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و لەچوارچێوەی پەیڕەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت و ئەنجامدانی چاکسازی، بەشی دووەمی داتا و زانیارییەکان کە تایبەتە بە داهاتەکان و وردەکارییەکانی لەسەر ئاستی وەزارەت و پارێزگاکان دەخەنەڕوو.
بەپێی داتاکان کۆی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە ساڵی ٢٠١٩ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ نزیکەی ٥ ترلیۆن و ٤١٥ ملیار و ٣٠ ملیۆن دینار بووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا چەندین چالاکی وچاکسازی ئەنجامداوە لە بوارەکانی کارگێڕی و دارایی و یاسایی و پیشهیی و تەکنیکی بەپێی یاسا و ڕێساکان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنەکانی دادوەری و داواکاری گشتی هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان….هتد، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو کە بەمەبەستی ڕێکخستنی کارەکانی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی داهات و نەهێشتنی خۆدزینەوە لە باج و هەڵوەشاندنەوەى لێخۆشبوونەکان و پێداچوونەوە بۆ قەرزدارانی باج، چەندین هەنگاوی تر لەم بوارانەی خوارەوەدا نراوە؛
١- بەسیستەمکردنی پڕۆسەی کاروباری باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێم.
٢- ڕێکخستنەوەى باج لە خاڵە سنوورییەکان و دانانی ڕێکارەکانی تایبەت بە وەرگرتنی باجی هاوردە و هەناردە.
٣- ڕێکخستن و پۆلێنکردنی ژمارەی کۆمپانیاکانی گەورە باجدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
٤- پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانی لێخۆشبوون لە باجى زەوى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان.
٥-سەرژمێری کردن و کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکەکانی میری و بەکرێدان و فرۆشتنی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ژێر ڕۆشنایی یاسادا .
٦- هەموارکردنەوەى پەیڕەوى تیانووسی گرتنی بازرگانى(نظام مسك السجلات التجارية لضريبة الدخل) بۆ مەبەستەکانى باجى دەرامەت و دانانى پەیڕەوى ئەنجومەنى پیشە(مجلس مهنة التدقيق والحسابات) لەگەڵ چەندین هەنگاوی دیكە.
وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند، زۆرترین ڕێژەی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە پارێزگای هەولێرە لەبەر ئەوەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە و ژمارەی کۆمپانیا گەورەکان و جوڵەی بازرگانی لەو پارێزگایە زیاترە بەراورد بە پارێزگاکانی تر.
سەبارەی بە باجی هاوردە و هەناردەش ڕوونیکردەوە کە لە خاڵە سنوورییەکان و دەروازەکان کۆدەکرێتەوە.


