لە بەغدا؛ چارەنووسی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتی هەرێم و پرسی دەروازە سنورییەکان یەکلایی دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزاریی ئابوری عێراق بە ئامادەبوونی وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە چەند دۆسیەیەکی هەستیار و گرنگی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای تاوتوێ کرد، لە سەرووی هەموویانەوە پرسی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی هەرێم و رێکخستنەوەی دەروازە سنورییەکان.
سەبارەت بە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەشێکی سەرەکییە لە دەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆران، کۆبوونەوەکە نەگەیشتە رێککەوتنی کۆتایی. حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بڕی 120 ملیار دینارەکەی مانگانە دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە کە ئەو بڕە پارەیە لە واقیعدا کۆناکرێتەوە و بە بڕیارێکی نایاسایی دەزانێت.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزاریی ئابوری بڕیاریدا پێشنیازی هەردوولا سەبارەت بەم پرسە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات تا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی (ئاسیکۆدا) لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی دەروازە سنورییەکان پێکبهێنرێت.
بەپێی بڕیارەکە، ئەو دەروازانەی مەرجە یاسایی و تەندروستی و بازرگانییە پێویستەکانیان تێدا نییە، بڕیاری داخستنیان دەدرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکان لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی.
