ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر دەروازە سنوورییەکان بڕیاری گرنگ دەردەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە (29ی حوزەیرانی 2026)، ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووریی عێراق بە ئامادەبوونی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، تیایدا چەند بڕیارێکی ستراتیژی بۆ یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان و ڕێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان دران.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی فالح ساری، وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی باڵا بەڕێوەچوو. لە بەرامبەردا، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی هەرێم و بە یاوەریی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی گومرگ و باج بەشدارییان کرد بۆ تاوتوێکردنی هەماهەنگیی زیاتر.
بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی فیدراڵ پێکبهێنرێت بۆ ئەنجامدانی ڕووپێوییەکی تەواوی شریتی سنووری لە هەرێمی کوردستان. ئامانج لەو لیژنەیە دیاریکردنی ئەو مەرزە نافەرمیانەیە کە ژێرخانی پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی بەفەرمی بناسێنرێن، هاوکات داخستنی سەرجەم ئەو دەروازانەی دیکەی کە مەرجەکانیان تێدا نییە. فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری فیدراڵیش بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ڕاسپێردرا.
وەزارەتەکانی دارایی فیدراڵ و هەرێم ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنی نامیلکەیەکی یەکگرتوو تایبەت بە لێخۆشبوون و ئاسانکارییە گومرگییەکان، تاوەکو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵییەوە پەسەند بکرێت و لە سەرجەم دەروازەکاندا وەک یەک کاری پێ بکرێت.
بڕیاردرا پێشنیازی هەردوولا سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی داهات لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی بەردەوامیی هەوڵەکان دێت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکودا (ASYCUDA) بەمەبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکان و ڕێکخستنەوەی کاروباری دارایی و ئابووری لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
