تایبەت بە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا، ترەمپ پەردەی لەسەر دیزاینە جیاوازەکەی پاسپۆرتی نوێی وڵاتەکە لادا و لەسەری نووسیوە: بەخێر بێن، بەڵام ڕەفتارتان باش بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال پاسپۆرتە نوێیەکەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، ئەم وەشانە نوێیە کە وێنەی ترەمپ و جاڕنامەی سەربەخۆیی لەخۆدەگرێت، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا دیزاین کراوە.
لەم چاپە تایبەت و سنووردارەدا، یەکێک لە لاپەڕەکان وێنەی ڕووخساری ترەمپ و واژۆکەی شانبەشانی دەقی جاڕنامەی سەربەخۆیی تێدا جێگیر کراوە، هەروەها لە لاپەڕەیەکی دیکەدا دیمەنی مێژوویی ساتی واژۆکردنی جاڕنامەکە لەلایەن “باوکانی دامەزرێنەر”ـی ئەمریکاوە نەخشێنراوە.
ترەمپ لە پەیامێکدا کە هاوپێچی وێنەکان بوو، بە زمانێکی هۆشدار ئامێز و کورت نووسیویەتی: “پاسپۆرتی نوێی ئەمریکا دەڵێت بەخێر بێن، بەڵام ڕەفتارتان باش بێت.”
