نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 4080 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا کە کاریگەری لەسەر بەهای دۆلار و چاوەڕوانییەکانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی هەبوو.
دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) وتی، گئەمڕۆ شەممە نرخی ئۆنسەیەك زێڕ بۆ 4 هەزار و 82 دۆلار بەرزبۆتەوە، لەكاتێكدا هەفتەی پێشوو بۆ خوار 4 هەزار دۆلار دابەزینی تۆماركرد.
وتیشی، “نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە ملیۆنێك و 42 هەزارە و عەیاری 21 بە 912 هەزارە و عەیاری 18 بە 782 هەزار دینارە”.
لە رۆژی هەینی، نرخی زێڕ بە ڕێژەی 1.3٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 4077 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، هەروەها نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی ئاب بە ڕێژەی 1.2٪ بەرزبووەوە و بە 4096 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە هات کە ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا بڵاوکرانەوە، کە تێیدا نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی ئایاردا بە ڕێژەی 4.1٪ بەرزبوونەتەوە بە شێوەی ساڵانە، هاوتای چاوەڕوانییەکان بوو.
ئەم ئامارانە بوونە هۆی کەمبوونەوەی گوشار لەسەر بەهای دۆلار و کەمکردنەوەی ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بە جۆرێک ئەگەری بەرزکردنەوەی سوود لە مانگی ئەیلولدا بۆ 59٪ دابەزی.
جیم وایکۆڤ، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای (ئەمەریکەن گۆڵد ئیکسچەینج)، ئاماژەی بەوەدا کە نرخی زێڕ خۆڕاستکردنەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە دوای شەپۆلێکی بەهێزی فرۆشتن.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی رۆژی هەینی، بەڵام لەسەر ئاستی هەفتانە، نرخی زێڕ 2.1٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە و دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی حەوت مانگی ڕابردوو.
کۆمپانیای (تی دی سیکیۆریتیز) پێی وایە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە مانگەکانی داهاتوودا دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ.
