جیاکردنەوەی نێوان مایەسیری ناوەکی و مایەسیری دەرەکی زۆر گرنگە، چونکە نیشانەکانیان و تەنانەت شێوازی چارەسەرکردنیشیان تەواو جیاوازە. سەرەکیترین جیاوازی لە نێوانیاندا لەسەر بنەمای شوێنی دروستبوون و جۆری ئازارەکەیە.
لێرەدا خاڵە سەرەکییەکانی جیاکاری نێوانیان دەخەینە ڕوو:
١. مایەسیری ناوەکی
ئەم جۆرە لە ناوەوەی کۆمدا دروست دەبێت، لە سەروو ئەو هێڵەی کە دەمارەکانی هەستیاری ئازاری لێیە.
ئازار: بەهیچ شێوەیەک ئازاری نییە (چونکە دەماری هەستیار بە ئازار لەو شوێنەدا نییە)
نیشانەی سەرەکی: خوێنبەربوونی ڕەنگ سووری گەش لە کاتی سەرئاوکردندا. خوێنەکە زۆرجار بە جیا دەبینرێت (لەسەر کلێنس یان ناو تەوالێتەکە) و تێکەڵ بە پیساییەکە نییە.
دەرکەوتن: بە چاو نابینرێت، بەڵام لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا لەوانەیە لە کاتی فشاردا بێتە دەرەوەی کۆم و دواتر خۆی بگەڕێتەوە دواوە
٢. مایەسیری دەرەکی
ئەم جۆرە لە ژێر پێستی دەوروبەری دەرچەی کۆمدا دروست دەبێت، لەو شوێنەی کە دەماری زۆر هەستیاری پێوەیە.
ئازار: زۆر بەئازارە؛ نەخۆشەکە بەردەوام هەست بە ئازار، کزانەوە، و خوران دەکات، بەتایبەت لە کاتی دانیشتن یان ڕۆیشتندا.
نیشانەی سەرەکی: دروستبوونی گرێ یان ئاوسانی گۆشتی لە دەوروبەری کۆمدا کە بە دەست لێدان هەستی پێدەکرێت.
کڵۆبوونی خوێن : ئەگەر خوێن لە ناو مایەسیری دەرەکیدا بپەمێت و کڵۆ ببێت، گرێیەکە ڕەنگی شین یان مۆر دەبێت و ئازارەکەی لەپڕێکدا زۆر توند و بەرگەنەگیراو دەبێت.
ڕێنمایی پزیشکی:
ئەگەر خوێنبەربوونت هەیە لە کاتی سەرئاوکردندا، تەنانەت ئەگەر بێ ئازاریش بێت، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت. چونکە خوێنبەربوونی کۆم تەنها نیشانەی مایەسیری نییە، بەڵکو پێویستە دڵنیابیتەوە لە نەبوونی کێشەکانی تری وەک شەقبوونی کۆم یان گرفتەکانی تری کۆڵۆن.
دکتۆر دیاری نیهاد ئیسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، نەشتەرگەری قەڵەوی و ناوسکبین
دکتۆرا (بۆرد) لە نەشتەرگەری گشتی
پسپۆڕی نەشتەرگەری ناوسک (Laparoscopy).
نەشتەرگەرییەکانی کۆئەندامی هەرس، جگەر، مەمک و غودە.
لابردنی زراو بە ناظور.
چۆن جیاوازی بکەم لە نێوان مایەسیری ناوەکی و دەرەکی ؟
