مووچە لە عێراق و هەرێم دوادەكەوێت

 

دابەشكردنی مووچە لە عێراق دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو، بەو هۆیەشەوە ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێم بۆ كۆتایی مانگ دوادەكەوێت و بەهۆی ئامادەنەبوونی هەرێم بۆ ڕادەستكردنی 120 ملیار بە بەغدا ئەگەری دواكەوتنی زیاتری مووچە هەیە.

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، بەهۆی كەمی پارەی كاش لە بەردەست وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ تەمویلی مووچەی وەزارەتەكان نەكراوە و سبەینێ‌-ش پشووە و بەو هۆیەوە دابەشكردنی مووچە دەكەوێتە هەفتەی داهاتووەوە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی عێراق بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ گرفتێک کۆتایی هاتووە و هەفتەی داهاتوو بڕیاری کۆتایی بۆ خەرجکردنی مووچە دەدرێت.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، “ناردنی پارەکە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ڕادەستکردنی 120ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێم”.

هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەهۆی دابەزینی داهاتی نانەوتی بە ڕێژەی زیاتر لە 60%، ڕووبەڕووی گرفت بووەتەوە و هۆشداری دەدات کە ئەگەر بەغدا بڕیار لەسەر بڕینی ئەو 120ملیار دینارە بدات، ئەوا هەرێم بۆ مووچەی مانگی حوزەیران و مانگەکانی داهاتوو تووشی کورتهێنانی جدی دەبێتەوە و ناتوانێت لە کاتی خۆیدا مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابەش بکات.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەریەكە لە مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەت لەماوەی دوێنێ‌ و ئەمڕۆدا ڕایانگەیاند، كە ئەو 120 ملیار دینارەی بەغدا داوای دەكات هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی نییە و داوایان كردووە كەم بكرێتەوە.

پێشتریش، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەگەر هەرێم ئەو بڕە لە داهاتی ناوخۆ نەداتە عێراق، ئەوا لە پارەی مووچەی دەبڕێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە