ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: گەندەڵییەکانی “عدنان الجميلي” تەنیا بەشێکی کەمی دزییە زەبەلاحەکانی عێراق ئاشکرا دەکات.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کە قەبارەی ئەو پارەیەی لە دۆسیەی گەندەڵیی “عدنان الجميلي” دەستبەسەردا گیراوە، نزیک بووەتەوە لە ٢٠٠ ملیار دینار و ئەو ژمارەیەش لە هەڵکشاندایە.
شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دۆسیەیە لەکاتێکدایە کە عێراق خاوەنی هەزاران پلە باڵای دیکەیە کە لە ئاستی وەزیر و سەرۆک وەزیران و پلە باڵاکانن. ناوبراو دەڵێت: “ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین هەر بەرپرسێکی پلە باڵا لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا تەنیا بۆ ماوەی ٣ ساڵ، بە ڕێژەی ١٠٪ی گەندەڵییەکانی عدنان الجميلی تێوەگلابن، ئەوا قەبارەی ڕاستەقینەی گەندەڵی و چارەنووسی داهاتە نەوتییە زەبەلاحەکانی عێراق بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە”.
ئەم ئەندامەی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ئامارانە باشترین وەڵامە بۆ ئەو سیاسییە عێراقییانەی ماوەی ٢٠ ساڵە بیانووی نەبوونی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەخەنە ئەستۆی ناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان.
شێروانی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی: “پێویستە هاووڵاتییانی عێراق بزانن بۆچی لە ناوەڕاست و باشوور هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش نەکراوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان سەرباری ئەو هەموو گەمارۆ و فشارانەی لەسەری بووە، بەردەوام لە گەشەکردن و پێشکەوتندایە”.
