وادەی کۆتایی بۆ “هەژماری من” دیاریکرا

وەزارەتی دارایی عێراق هۆشداری دەداتە کەسوکاری شەهیدان؛ وادەی کۆتایی بۆ “هەژماری من” دیاریکرا

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی سلێمانی ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردووە سەرجەم کەسوکاری شەهیدان کارتی بانکیی “هەژماری من” دەربهێنن، بەپێچەوانەوە مووچەکانیان ڕادەگیرێت.

مەحموود سەرمۆردی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد: “داوا لە کەسوکاری شەهیدان دەکەین بە زووترین کات پەلە لە دەرهێنانی کارتی بانکیی ‘هەژماری من’ بکەن، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای ئەمەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی ڕێکارەکان بەبێ کێشە بەڕێوە بچن.”

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی سلێمانی، ٣١ی ئابی ٢٠٢٦ دوایین وادەیە بۆ دەرهێنانی کارتی بانکیی “هەژماری من”، هەر کەسوکارێکی شەهیدان لەو وادەیە تێپەڕ بکات، کێشە بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان دروست دەبێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماری گرنگی سەبارەت بەو کەیسانە خستەڕوو:

  •  تا ئێستا نزیکەی پێنج هەزار کەسوکاری شەهید هەن کە هێشتا مامەڵەی “هەژماری من”-یان نەکردووە و پێویستە دەستبەجێ سەردانی ئەو بانکە بکەن کە مووچەی لێ وەردەگرن.

  •  نۆ هەزار خێزانی دیکە مامەڵەیان کردووە و کارتیان بۆ دەرچووە، بەڵام هێشتا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە؛ پێویستە بە زوویی سەردانی بانکەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گرفت نەبنەوە.

شایەنی باسە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دێت بۆ ڕێکخستنی لیستی مووچەخۆران و کۆتاییهێنان بە کێشەکانی مووچە لە ڕێگەی بە بانکی کردنی مووچەخۆرانەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە