پێشەوا هەورامانی: مووچەی فەرمانبەران کێشەی نابێت

هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو 120 ملیار دینارەی مانگانە وەک داهاتی ناوخۆ رادەستی حکوومەتی فیدراڵی دەکرێت، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت: هەردوولا نزیکن لە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاری پێشووی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پاڵپشتیی یاسایی نییە.

ئاشکرای کرد، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و تێگەیشتن لە دۆخی دارایی، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە کەم بکرێتەوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە.

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانیش، رایگەیاند، هیچ کێشەیەک لەبارەی ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە نییە، زۆرجاریش دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی هەرێمی کوردستانیش رەوانە دەکرێت.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆداش، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، هەولێر و بەغدا بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا نزیکن لە رێککەوتن، هەروەها بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی ئەم سیستەمە نوێیە لە دەروازە سنوورییەکان، چوار مانگ پێویستە.

وتەبێژی حکوومەت جەختی کردەوە، بڕیارە رۆژی دوو شەممەی داهاتوو، 29ـی حوزەیران، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگاتە بەغدا، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوتاکانیان پرسی ئەسیکۆدا و دۆخی دەروازە سنوورییەکان تاوتوێ بکەن.

دووپاتیشی کردەوە، ئێستا هیچ ئاستەنگێک لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا نییە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە