جەبار گۆران، شارەزای ئابووری و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە ڕایگەیاند، پێشتر پێشبینی ئەوەی کردبوو کە نرخی دۆلار لە 165 هەزارەوە بۆ 150 هەزار دینار دادەبەزێت، لە ئێستاشدا پێشبینی دەکات ئەگەر دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە سەقامگیر بێت، نرخی 100 دۆلار دێتە خوار 150 هەزار دیناریش.
جەبار گۆران وتی: ئەو دەنگۆیانەی باس لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە و کاریگەری خراپ لەسەر دەروونی هاووڵاتییان دروست دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، کە بانکی ناوەندی دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، بۆیە نە پەرلەمانتار و نە ئەنجومەنی وەزیران ناتوانن دەستوەردان لە سیاسەتی نەختینەیی و گۆڕینی نرخی دۆلاردا بکەن.
جەختیشی کردەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر بەهای دیناری عێراقی نییە و پێگەی دینار جێگیرە.
