مونا قەهوەچی: دامەزراوەکان موڵکی هیچ لایەن و کەسێک نین

سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، کارا نەکردنی پەرلەمانی کوردستان، تەنها کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بریندارکردنی بنەماکانی دیموکراسی و دەشڵێت: دامەزراوەکان موڵکی هیچ لایەن و کەسێک نین.

مونا قەهوەچی، سكرتێری پێشووی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، کارا نەکردنی پەرلەمانی کوردستان و درێژبوونەوەی دۆخی پشوودان، تەنها کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بریندارکردنی بنەماکانی دیموکراسی و بی رێزییە لە بەرامبەر دەنگ و ئیرادەی هاووڵاتیانی کوردستانە، کە لە هەڵبژاردندا متمانەیان بە سیستمی دیموکراسی و دامەزراوە دەستورییەکان کردووە.

دەشڵێت: پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێریکردن، پێویستە نوێنەرایەتی خواست و بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکات و بەردەوام لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بێت. هەر دواکەوتن یان پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانی سیاسی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان جێدەهێڵێت و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی حکمرانی لاواز دەکات.

ڕاشیگەیاندووە، ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران و پاراستنی دامەزراوە دیموکراسییەکان، بنەمای سەرەکی دروستکردنی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە. لەبەر ئەوە، هەموو لایەنە سیاسییەکان پێویستە بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن و بەرژەوەندییە گشتییەکان بخەنە سەر هەر بەرژەوەندییەکی تایبەت.

مونا قەهوەچی ئاماژەی بەوەشكردووە، لە پێناوی هیچ بیانوو، پاساو یان ناکۆکییەکی سیاسییەوە نابێت دامەزراوە دەستوری و یاساییەکان پەکبخرێن یان لە کار بوەستنرێن، چونکە دامەزراوەکان موڵکی هیچ لایەن و کەسێک نین، بەڵکو موڵکی گەل و پایەی سیستمی دیموکراسی و دەوڵەتدارییەن. هەر لایەنێک کە کەمتر خەمی پاراستن، بەهێزکردن و کاراکردنی دامەزراوەکان بخوات، مێژوو باشترین شایەتی لەسەر هەڵوێست و بەرپرسیارێتییەکانی دەدات.

جەحتیشی كردۆتەوە، ئێمە پێمان وایە چارەسەری هەر کێشەیەک لە ڕێگای دامەزراوە یاسایی و دەستورییەکانەوە دەبێت، نەک بە پەکخستن و وەستاندنیان. هێزی هەرێم و متمانەی هاووڵاتیان بە بەهێزبوونی دامەزراوەکان دەپارێزرێت، و ئیرادەی خەڵکیش تەنها لە ڕێگەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە دەتوانێت بە شێوەیەکی دروست و دادپەروەرانە بەرجەستە بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە