بەهۆی شەپۆلێکی توندی گەرماوە؛ بەریتانیا دەکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
حکومەتی بەریتانیا، ئەمڕۆ دووشەممە (٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، بەهۆی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی بۆ ڕوودانی شەپۆلێکی توندی گەرما لەم هەفتەیەدا، لە چەندین ناوچەی وڵاتەکەدا حاڵەتی ئامادەباشی ڕاگەیاند.
دەستەی کەشناسیی بەریتانیا “هۆشداریی سوور”ی دەرکردووە و پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە بگاتە ٤٠ پلەی سیلیزی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا، ئەم شەپۆلە گەرمایە ڕەنگە ببێتە هۆی پشێوییەکی زۆر لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییاندا، بەتایبەت لە:
کەرتی گواستنەوە: ئەگەری دواکەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان و کێشە لە هێڵەکانی گواستنەوەی وشکانی و شەمەندەفەرەکان.
خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان: مەترسیی پچڕانی کارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت.
هۆشدارییە تەندروستییەکان: دەستەی کەشناسی هۆشداریی داوە لە مەترسییە تەندروستییەکان بۆ سەرجەم هاووڵاتییان، بەتایبەتی بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە. هەروەها پێشبینی دەکرێت پەستانێکی زۆر لەسەر ناوەندە تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دروست بێت.
بەپێی پێشبینییەکان، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە گەرما دەگاتە لووتکە. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتداران داوایان لە هاووڵاتییان کردووە بەدوور بن لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە تیشکی خۆر، بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە و پابەندی ڕێنماییەکان بن، چونکە پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە چەند ڕۆژێکی دیکەش بەردەوام بێت.
