وەزارەتی بازرگانی: خزمەتگوزاریی “جیاکردنەوەی ناوی خێزان” بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان خرایە کار.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە (٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، پرۆسەی خزمەتگوزاریی “جیاکردنەوەی ناوی خێزان” (لە کارتی خۆراک) بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا خرایە کار.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئەم خزمەتگوزارییە لە ڕێگەی “بەرنامەی کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنی”یەوە لە تەواوی فەرمانگەکانی خۆراک لە پارێزگاکانی (نەینەوا، کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، بەسرە، زیقار، میسان، دیوانییە، موسەنا، سەڵاحەدین، ئەنبار و بەلەد) بەردەستە.
لەو بارەیەوە، تالیب حەسەن نەعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی پێشتر ئەم خزمەتگوزارییە لە بەغدا و پارێزگاکانی (واست، دهۆک، بابل و دیالە) خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێستا بە تەواوبوونی قۆناغی کۆتایی، هاووڵاتییان لە سەرجەم شارەکان دەتوانن سوود لەم خزمەتگوزارییە وەربگرن.
وەزارەتی بازرگانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتە بۆ گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان، بەمەبەستی ئەوەی مامەڵەکانی جیاکردنەوەی خێزان بە خێرایی و بەشێوەیەکی سەردەمیانە ئەنجام بدەن.
