زۆر جار نەخۆشەکان دەپرسن: دکتۆر، ئایا بەیانیان حەبەکەم بخۆم باشترە یان شەوان؟
کەی پێویستە بخورێت؟ کەی باشترین کاتە بۆ خواردنی؟
د.باوەڕ بەختیار، پزیشکی نەخۆشییەکانی هەناوی و شەکرە و غوددە دەڵێت: حەبی زەخت دەرمانێکە کە کار لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن دەکات بۆ پاراستنی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە زیانی درێژخایەن.
دەشڵێت: ئەم دەرمانە تەنها بۆ دابەزاندنی زەخت نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ئەندامە سەرەکییەکانی لەشە (وەک گورچیلە، دڵ، و مێشک)
کەی باشترین کاتە بۆ خواردنی؟
بەشێوەیەکی گشتی، کاتی خواردنی دەرمانی زەخت بەپێی جۆری دەرمانەکە و ڕێنمایی پزیشک دەگۆڕێت، بەڵام ئەم خاڵانە زۆر گرنگن:
خواردنی بەیانیان: زۆربەی پزیشکان پێشنیاری خواردنی دەرمانی زەخت دەکەن لە کاتی بەیانیاندا؛ چونکە پەستانی خوێن لە بەیانیاندا بەرز دەبێتەوە و ئەمەش یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی دەدات لە درێژایی ڕۆژدا.
خواردنی شەوان: هەندێک جۆری دەرمان (بە تایبەت ئەوانەی بۆ دڵ یان میزکردن بەکاردێن) پزیشک دەڵێت شەوان بخورێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی زەخت بکات لە کاتی خەودا.
پابەندبوون بە کات: گرنگترین شت ئەوەیە دەرمانەکە لە هەمان کاتدا بخورێت، چونکە ئەمە ئاستی دەرمانەکە لە خوێنتدا جێگیر دەکات.
کەی نابێت بخورێت یان دەبێت ئاگاداربیت؟
بێ پرسی پزیشک: هەرگیز دەرمانەکە مەوەستێنە تەنها لەبەر ئەوەی هەست دەکەیت زەختت ئاسایی بووەتەوە، چونکە زەخت بە نەخۆشییەکی “بێدەنگ” ناسراوە.
هەڵەی کاتی خواردن: ئەگەر دەرمانێکت لەبیر چوو، بە زوترین کات بیخۆ، بەڵام ئەگەر زۆر نزیک بوویت لە کاتی ژەمەکەی داهاتوو، ئەوا ئەو ژەمەی پێشوو فەرامۆش بکە و دوو حەب بەیەکەوە مەخۆ.
تۆ کەی دەرمانەکەت دەخۆیت؟
