ماوەیەكە ژەمارەیەك گەڕەكی سلێمانی بەدەست بێ ئاوییەوە دەناڵێنن و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی-ش دەڵێت: لەگەڵ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لەسەر هێڵن بۆ دابین كردنی بودجە و چارەسەر كردنی كێشەكە.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەشێک لەو گەڕەکانەی سلێمانی، کە لە رێگای هێڵی دووەمی دوکان – سلێمانی ئاو وەردەگرن، رووبەڕووی گرفتی کەم ئاوی بونەتەوە، بەهۆکاری ئەوەی بەشێک لە ترومپاکانی ئاو لەو وێستگانە لەکارکەوتوون.
وتیشی، “لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بۆ نوێ کردنەوە و چاکسازی لە ترومپاکان و کڕینی ترومپای نوێ داوای بودجەیەکی کردووە، بۆ ئەمەش داوامان لە نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کردووە ئەو گرفتەمان بۆ چارەسەر بکات”.
ئاماژەی بە ئەوەشدا: هەوڵەکانمان بەردەوامە کە بە زووترین کات ئەو گرفتە چارەسەر بکەین و ترومپا نوێیەکان بخەینە کار و هەڵدانی ئاو بۆ ناو کۆگاکانی ئاو دەستپێبکاتەوە.
لای خۆشیەوە، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دوێنێ بۆ میدیاكان رایگەیاندبوو “ئەو سێ پەمپەی کە بۆ هێڵی دووەمی پڕۆژەی ئاوی دوکان – سلێمانی کڕدرابوون، گەیشتوونەتە پێگەی سەرەکیی پڕۆژەکە لە دوکان. ئەم پەمپانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کڕدراون تاوەکو بخرێنە شوێنی ئەو پەمپانەی کە پێشتر لەکارکەوتبوون و ببوونە هۆی دروستبوونی قەیرانی کەم ئاوی لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکاندا”.
وتیشی “ئەگەرچی پەمپەکان گەیشتوون، بەڵام ئێستا پێویستیان بە دابینکردنی بودجەی تایبەت هەیە بۆ پڕۆسەی بەستن و جێگیرکردنیان. پەمپەکان دەدرێنە بەڵێندەر و پاش دابینکردنی پارەی پێویست، دەست دەکرێت بە لادانی پەمپە لەکارکەوتووەکان و دانانی ئەمانەی نوێ لە شوێنیان، کە ئەمەش پڕۆسەیەکی تەکنیکی وردە”.
ئاماژەی بەوەشدا، “بەستنی ئەم سێ پەمپە نوێیە، ئاستی دابینکردنی ئاو بۆ شاری سلێمانی دەگەیەنێتەوە ئاستی پێشووی خۆی و کێشەی کەم ئاوی لەو گەڕەکانە چارەسەر دەکات کە ئێستا بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن”.
