نرخی نەوتی خاو و برێنت بەردەوامن لە نزمبوونەوە، ئەمەش دوای لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی کە باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتەکەیان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، هاوکات لەگەڵ یەکەم دەستپێکی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە سەرەتای هەفتەدا، نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 78 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هاوکات یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسیش بە 75 دۆلار و 18 سەنت دەفرۆشرێت.
دابەزینی نرخی نەوت دوای ڕۆژێک لە دەستپێکردنی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت لە سویسرا، کە بەرپرسانی ئێرانی ئاماژەیان بە دەستپێکردنی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەیان دەکرد.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، جەختیشیکردەوە کە دەبێت بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ڕێککەوتنی کۆتایی، ڕێ بە هەناردەکردنی نەوت بدرێت و دەستیش لەسەر پارە دەستبەسەرداگیراوەکانی ئێران هەڵبگیرێت و لەو بوارەشدا بەرەوپێشچوونی باش هاتووەتە ئاراوە.
