ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدی، لە حەوتەمین کۆبوونەوەی خۆیدا چەند بڕیارێکی دەرکرد و، جەختی لەوەشکردەوە کە بایەخێکی زیاتر بە دۆسیەی خزمەتگوزاری کارەبا بدرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئێوارەی دوێنێ شەممە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی وڵات تاوتوێ کران، پۆلێنکردنی بابەتەکانی سەر کارنامەی کۆبوونەوەکە ئەنجام درا و بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.
ئەوەش هاتووە: لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە کە بایەخێکی زیاتر بە دۆسیەی خزمەتگوزاری کارەبا بدەن، بەتایبەتی لە پرۆسەکانی چاکسازی و سیانەکردن و خێرایی وەڵامدانەوە بۆ ئەو کێشە تەکنیکییانەی لە کاتی لوتکەی خواستدا لەسەر تۆڕەکە دروست دەبن.
هەروەک جەختیان لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر بۆ کێشەی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی ئاوی ڕووباری دیجلە لە کاریگەری پاشماوە چارەسەرنەکراوەکان کردەوە. لەم ڕووەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کارەکانی لەناوبردنی گژوگیای (گوڵی نیل) و چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی وشکەساڵی لەو ناوچانەدا بگرێتە ئەستۆ کە بەهۆی وشکەساڵی، لەناوچوونی لقە ڕووبارەکان و مەحاڵبوونی کشتوکاڵ تیاندا، ڕووبەڕووی کۆچی ناوخۆیی بوونەتەوە.
هاوکات بەبۆنەی هاتنی دەیەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەم، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕۆژی پێنجشەممە، کە هاوکاتە لەگەڵ 25ی ئەم مانگە (حوزەیران)، لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکاندا بکرێتە پشووی فەرمی.
باسی لەوەشکردووە، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی (گاز) بە شێوەی خۆڕایی بۆ خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان، بە بڕی 45 لیتر بۆ هەر 1 K.V.A بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی داهاتوو، بە مەرجێک کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان لە 20 کاتژمێر کەمتر نەبێت لە ڕۆژێکدا. هەروەها دابینکردنی کارەبا لە مۆلیدە ئەهلییەکانەوە بۆ ماوەی 12 کاتژمێر بێت لە ڕۆژێکدا بە نۆرە لەگەڵ کارەبای نیشتمانی، و پێدانی دەسەڵات بە حکومەتە خۆجێییەکان لە پارێزگاکان بۆ دیاریکردنی نرخێکی دادپەروەرانە بۆ هەر ئەمپێرێکی مۆلیدە ئەهلییەکان، بە مەرجێک دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان میکانیزمێک بۆ چاودێری و بەدواداچوون بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دابنێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، جەختیکردەوە لەسەر ڕاگرتنی سەرجەم گرێبەستەکانی پڕۆژە وەبەرهێنانەکان بۆ هەموو وەزارەتەکان، لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و پارێزگاکان، ئەم بڕیارە ئەو فەرمانانەی گۆڕانکاری و پێکهاتانەش دەگرێتەوە کە بۆ پڕۆژەکان زیادکراون بێ ئەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە بنەڕەتی پڕۆژەکەوە هەبێت، و ڕێژەی زیادبوونەکەیان لە سنووری بڕیارلێدراوی (25%) تێپەڕی کردووە.
ئەوەش هاتووە، ئەو پڕۆژانەی کە سپێردراون یان گرێبەستیان بۆ کراوە بەڵام دەست بەکارنەکراون، سەرپشککردنی کۆمپانیاکان لە نێوان: یان دەستبەکارنەبوون تا ئەو کاتەی ئاگادار دەکرێنەوە لە بەردەستبوونی تەرخانکردنی دارایی گونجاو، یان بەڵێننامە بدەن کە لە کاتی دەستبەکاربووندا داوای شایستە داراییەکانیان نەکەن تا تەرخانکردنی دارایی بەردەست دەبێت.
دەشڵێت: لە هەمان کاتدا بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی ڕەزامەندانەی ڕاستەوخۆ (الفسخ الرضائي) دەدرێت بێ ئەوەی هیچ داواکارییەکی قەرەبووکردنەوەی لێ بکەوێتەوە، ئەمەش سەرجەم گرێبەستەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەگرێتەوە.
لە دۆسیەی چاودێریدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دەقی ڕەشنووسی یاسای (دەستەی چاودێری ناوخۆیی فیدراڵی) و ڕەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەش پشتبەستن بە بڕگە دەستوورییەکان.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کشاندنەوەی ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنی پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانی سڤیل (ژمارە 148ی ساڵی 1974) لە ئەنجومەنی نوێنەران، کە پێشتر بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (ژمارە 24836ی ساڵی 2024) دەرچووبوو.
