عێراق دەیەوێت بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتەوە ئاستی پێش داخستنی هورمز

ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچەکە و ئاراستەی بەرەو واژووکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە نێوان ئەمریکا و ئێران، گەشبینی لە ناوەندەکانی ئابووری و وزە دروستکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی و جووڵەی دەریاوانی هەبێت، بەتایبەت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ستراتیژییەکانی بازرگانیی نەوت لە جیهاندا دادەنرێت.

عێراق چاوەڕوانی چەند دەستکەوتێک دەکات لە ئەنجامی گەڕانەوەی سەقامگیریی ناوچەیی، کە لە پێش هەمووشیانەوە زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت و ئاسانیی جووڵەی بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی، جگە لە دەستپێکردنەوەی چالاکیی کۆمپانیا بیانییەکانی کە لە کەرتی نەوتدا کار دەکەن.

لەم چوارچێوەیەدا، سەلیم ڕکابی، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی نەوت دووپاتی کردەوە کە حکومەت و وەزارەتی نەوت دۆسیەی گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکانی بەڕێوەبەری کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت دەخەنە پێشینەی کارەکانیانەوە.

ڕکابی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند، وەزارەتی نەوت کار دەکات بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی کاری ئەو کۆمپانیایانە، ئەوەش لە ڕێگەی دابینکردنی پێداویستییە ئەمنی و تەکنیکییە پێویستەکان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی کارەکانیان و بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان.

ئاماژەی بە بوونی دۆسیەی تایبەت کرد سەبارەت بە هەندێک لەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە لە پاڵاوگەی بەسرە کار دەکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە