دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، هەردوولا بڕیاریان داوە لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنن بۆ ئەوەی بە مەیدانی سەردانی ئەو دەروازانە بکەن کە تا ئێستا بە “نافەرمی” ماونەتەوە.
بەگوێرەی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لیژنەکە لە چەندین لایەنی ئەمنی و کارگێڕی پێکدێت. لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ بەشدار دەبن. هاوکات لە بەرامبەریشدا لە حکومەتی عێراق، نوێنەرانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری و دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵ ئەندام دەبن لە لیژنەکەدا.
ئەوەی پێویستە بوترێت، ئامانجی سەرەکیی ئەم لیژنەیە سەردانیکردنی سەرجەم ئەو دەروازە سنوورییە نافەرمییانەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە.
لیژنەکە لە نزیکەوە هەڵسەنگاندن بۆ ژێرخانی ئەو دەروازانە دەکات و ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە دەکات بۆ ئەوەی دیاری بکرێت کام دەروازە گونجاوە بۆ ئەوەی بە فەرمی بناسێندرێت و بکرێتە ناوەندێکی فەرمیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری.
دوای تەواوبوونی سەردانە مەیدانییەکان، لیژنە هاوبەشەکە ڕاپۆرتی کۆتایی و ڕاسپاردەکانی خۆی ئامادە دەکات. ئەم ڕاپۆرتە بە فەرمی بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، لەوێدا و پاش تاوتوێکردنی لایەنە تەکنیکی و ئەمنییەکان، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو دەروازانە دەدرێت کە مەرجی پێویستیان تیادایە بۆ بوون بە دەروازەی فەرمی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێدا.
لە ئێستادا شەش دەروازە لە هەرێمی کوردستان هەن کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی دانیان پێدا نەنراوە و وەک دەروازەی نافەرمی پۆلێن کراون. ئەو دەروازانەش بریتین لە: کێلێ، سەیرانبەند، شوشمێ، پشتە، سەرزیر و سێماڵکا. ئەم لیژنەیە چارەنووسی ئەم خاڵە سنوورییانە یەکلا دەکاتەوە و ئاراستەی کارکردنی داهاتوویان دیاری دەکات.
