مامۆستایانی لادراو و گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی و داواکارییەکانیان گەیاندە بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان.
هیوا سەمەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا و شاباز ناسر، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی لادراوی پەروەردە بۆ (خەڵك) ڕایانگەیاند، دوابەدوای داواکاری چین و توێژەکان بۆ پرسی دامەزراندن و بەهەمیشەیی بوون، کە ئاڕاستەی مەڵبەندی سلێمانیمان کردبوو، بەسووپاسەوە گفتووگۆیەکی کراوە بۆ نوێنەرانی فراکسیۆنی سەوز (ئازاد محەمەد، شلێر مامۆستا غفور) لە پەرلەمانی کوردستان و (سروە محەمەد) لە پەرلەمانی عێراق و دکتۆر توانا نەجەف، بەڕێوبەری دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و نوێنەری چین و تووێژەکان ڕێکخرا.
ڕاشیگەیانگەیاند، ئامانج لە گفتوگۆ كراوەكە خستنەڕووی گرفت لە نەبوونی دامەزراندن و بەهەمیشەیی بوونی گرێبەستەکان و پاڵپشتی و هەماهەنگی بۆ گەیشتن بە مافەکانمان و بەدەست هێنانی پشکی کورد لە دامەزراندن و بەهەمیشەیی بوون کە ئێستا پرسێکی گرنگ و هەنوکەییە لە بەغدا.
لای خۆیانەوە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم و بەغدا لە فراکسیۆنی سەوز بەڵێن و پشتیوانی فراکسیۆنەکەیان بۆ دووپات كردوونەتەوە بۆ داکۆکیکردن لە بەدەستهێنانی مافەکانمان چ لە هەرێم بێت یاخود لەبەغدا.
بە وتەی ئەو دوو نوێنەرەی مامۆستایان، “بەشێک لەتەوەرەکە پەیوەست بوو بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی لادراوی پەروەردە و وانەبێژانی پاشکۆی خوێندنی باڵا، کە جێی خۆیەتی مافی دامەزراندنیان بەشێوازی گرێبەست و بە دادپەروەری بۆ بگەڕێتەوە”.
لەبەشێکیتری تەوەرەکە باس لەوەکرا کە هەوڵی جدی بۆ بەهەمیشەیی کردنی مامۆستایانی گرێبەست و دامەزراندن دراوە و بەئەگەرێکی زۆر ئەمساڵ بودجە ناچێتە پەرلەمانی عێراق و دەرفەتی باشتر لەبەردەم هەرێم و لایەنەکان هەیە کە زیاتر ڕێکخستنەوەی ئەم پرسانە بکەن و ئامادەیی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی نوێدا بجەسپێن.



