فەرماندەیی ناوەندیی بارەگای خاتەمولئەنبیا بڕیاریدا بە داخستنەوەی گەرووی هورمز و دەڵێت: ئەمریكا بڕگەی یەكەمی ڕێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ و پێشێلكارییەكانی ئیسڕائیل لە لوبنان.
فەرماندەیی ناوەندیی بارەگای خاتەمولئەنبیا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێنەکانی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە پەیوەستە بە جێبەجێنەکردنی بڕگەی یەکەمی تێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ و لە وەڵامی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاگربەست لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە باشووری لوبنان و ئەو کوشتارە دڕندانە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە مەزڵوومەی لێکەوتووەتەوە، هەروەها بەهۆی نەکشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لە خاکەکانی باشووری لوبنان، داخرانی گەرووی هورمز بەڕووی هاتووچۆی کەشتییەکان و گەشتە دەریاییەکاندا ڕادەگەیەنین.
جەختیش دەكاتەوە، ئەمە یەکەم هەنگاوە لە وەڵامدانەوەی پێشێلکردنی پابەندبوونەکانی دوژمن و لە ئەگەری بەردەوامبوونی دەستدرێژییەکان، پلانی هەنگاوی زیاتر دادەنرێت و جێبەجێ دەکرێت بۆ ناچارکردنی دوژمن بە پابەندبوون بە بەڵێنەکانی و جێبەجێکردنیان.
