سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند، کە لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا توانیوویەتی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە شکست پێبهێنێت و کۆتایی بە دەربازبوونی تاران لە سزاکان بهێنێت. ترەمپ ڕەخنەی توندیشی لە ئیدارەکانی پێشوو، بەتایبەتی ئۆباما و بایدن گرت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا سەبارەت بە سیاسەتەکانی واشنتۆن بەرامبەر تاران، هێرشی توندی کردە سەر ئیدارەکانی پێش خۆی و ڕایگەیاند، کە لە سەردەمی دەسەڵاتیدا، ئێران تووشی شکستێکی سەربازیی تەواوەتی هاتووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، کە چەپی توندڕەو و دیموکراتەکانیش درک بە قەبارەی ئەو سەرکەوتنە دەکەن کە ئیدارەکەی لە جەنگ دژی ئێران بەدەستی هێناوە و لەو قۆناغەدا ئێران لە ڕووی سەربازییەوە بەتەواوی تێکشکێندرا.
ترەمپ ڕەخنەی توندی لە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند، لە جیاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی “گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر لە جیهاندا”، ملیارەها دۆلاری کاشی بە تاران بەخشیوە.
