عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی له وتارێكدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شورای حزبهكهی ڕایدەگەیەنێت، “ئەندامانی پەرلەمان بەردەوامن لە وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازات، بێ ئەوەی کارێک بۆ میللەت بکەن”
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕایگەیاند، جێی داخە دوای دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
وتیشی، “ئەم چەقبەستووییە سیاسییە وایکردووە شکۆ و ناوبانگی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی پرسیار ببێتەوه”.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەندامانی پەرلەمان (چ ئەوانەی لە دەسەڵاتن و چ ئەوانەی ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن) بەردەوامن لە وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازات، بێ ئەوەی کارێکی کردەیی بۆ میللەت بکەن.
ڕابەری گشتی بزووتنەوە دەشڵێت: ئەم دۆخە بووەتە پاساوێکی بەهێز بە دەست حکومەتی فیدراڵەوە بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم، چونکە کاتێک خۆمان نەتوانین ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەین، ناتوانین باس لە پرسە نەتەوەییە گەورەکان بکەین.
جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە بانگخوازان خۆیان لە بەرژەوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان بەدوور بگرن. ئەرکی ئەوان پاراستنی پێگەی مەعنەوی و پاکیی خۆیانە، نەک تێوەگلان لە ململانێی سیاسی و دەسەڵات.
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق ڕابەری گشتی ڕایگەیاند، هەرچەندە هیوای گۆڕانکاری هەبووە، بەڵام بەداخەوە گۆڕانکارییەکان ڕیشەیی نین و پڕۆسە سیاسییەکە لەناو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوانییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی “تەکنۆکرات” و لێهاتوو نەهاتنە دی، ئەمەش وایکردووە چاکسازییەکان لە ئاستی پێویستدا نەبن.


