پاراستنی گیانی گەشتیار نابێت تەنها قسەی سەر کاغەز بێت، بەڵکو پێویستە بکرێتە بەشێک لە سیستمێکی چاودێری توند، بە داخەوە ساڵانە لە وەرزی گەشت و سەیران گوێبیستی چەندین کارەساتی دڵتەزێن دەبین کە زۆرینەیان گیان لەدەستدانی گەشتیارانە.
بەو پێیەی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گەشتیارییە لە ئاست پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کەواتە لە زۆربەی وەرزەکان گەشتیاری زیاتر ڕووی تێدەکات، بە تایبەت لە دوای ڕووداوەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا لە عێراق و ناوچەکەدا. ئایا چی کراوە بۆ ئەوەی گیانی گەشتیاران پارێزراو بن؟
بەو پێیەی بەشێکی زۆری ناوچە گەشتیارییەکان دەکەونە ناوچە ئازادەکانەوە واتە هیچ خاوەنێکی تایبەتیان نییە، هەم ئەهلی هەم حکومەت، کەواتە ئەو ناوچانە زیاتر مەترسی کارەسات و قوربانیان لێ دەکرێ. بۆ نموونە، لە وەرزی هاوین لە کاتی مەلەکردن چەندین کارەساتی دڵتەزێن ڕوو دەدەن، ئەمەش ئەو گۆم و چەم و ڕووبارانەن کە سەربەخۆن و گەشتیار و سەیرانکار خۆیان ڕاستەوخۆ دەچنە ئەو شوێنانە. کەواتە ئەگەر بڕیارە کوردستان ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و حکومەت و کەرتی تایبەت بیکەنە جێگرەوەی نەوت و سامانی سروشتی، دەبێ چەند هەنگاوێکی هەنووکەیی بۆ بنێن.
دانانی چاودێری تایبەت.
دیاریکردنی ناوچە مەترسیدارەکان.
بوونی نەخشەی ئەو ناوچان و بڵاوکردنەوەیان.
دانانی پۆستەر و هێمای تایبەت و ڕێنمایی تێیدا.
ئەو ناوچانەی کە کەرتی تایبەت سەرپەرشتی دەکەن چی بکەن؟
مەرجی توندی مۆڵەت: پێویستە حکومەت مۆڵەتی کارکردن نەدات بە هیچ ناوچەیەکی گەشتیاری، ئەگەر خاوەنەکەی پابەند نەبێت بە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی (وەک بوونی تیمی فریاگوزاری و نەبوونی خاڵی مەترسیدار).
لێپرسینەوەی یاسایی، کاتێک ڕووداوێک ڕوو دەدات، دەبێت لێکۆڵینەوەی دادوەری لەگەڵ خاوەن ناوچە گەشتیارییەکە بکرێت کە ئایا کەمتەرخەمی کردووە لە دابینکردنی سەلامەتی یان نا.
دانانی ستافی پسپۆڕ، حکومەت دەبێت بەردەوام چاودێری ئەو تیمانە بکات کە لە ناوچە گەشتیارییەکان کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی خاوەن بڕوانامەی فریاگوزاری سەرەتایین.
خاوەن ناوچە گەشتیارییەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەی ئەخلاقی و بازرگانییان لە ئەستۆدایە.
دەبێ ئەوە بزانین کە تەنها دابینکردنی شوێنی مانەوە و خواردن بەس نییە، بەڵکو دەبێت ڕێگاکانی ناوچەکە بە شێوەیەک دیزاین بکرێن کە مەترسی کەوتن و خنکانیان تێدا نەبێت.
تیمی فریاگوزاری بەردەوام، بوونی تیمی تایبەتی فریاگوزاری لە شوێنەکە، نەک تەنها بۆ ڕووداوەکان، بەڵکو بۆ هۆشیارکردنەوەی گەشتیاران لەو شوێنانەی مەترسییان هەیە.
گرفتەکانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.
گرفتەکانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان فرە ڕەهەندن و تەنها لە یەک لایەندا کۆنابێتەوە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە کەموکوڕییە کارگێڕییەکان و نەبوونی ژێرخانی پێویست، بەپێی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوو دەدەن و دەیانبیستین ئەم گرفتانە لە هەر چوار وەرزەکەی ساڵ بونیان هەیە.
نەبوونی ژێرخانی تەواوی سەلامەتی، زۆربەی ناوچە گەشتیارییەکان بێبەشن لە تیمی فریاگوزاری خێرا و ئامێری پێشکەوتووی ڕزگارکردن، ئەمەش وا دەکات هەر ڕووداوێکی بچووک ببێتە کارەسات.
کەمیی هۆشیاری و ئاراستەکردن،هێمای ئاگادارکەرەوە و ڕێنماییەکان لەو شوێنانەی کە مەترسییان هەیە، وەک ڕووبارە قووڵەکان یان ناوچە هەڵدێرەکان، یان نین یان لە ئاستی پێویستدا نین بۆ ئاگادارکردنەوەی گەشتیاران، تا ئێستاش هەندێ ناوچەی گەشتیاری مەترسی مین و تەقەمەنی سەردەمی جەنگی تێدا ماوە.
لاوازیی چاودێریی حکومەت، نەبوونی چاودێرییەکی ورد لەسەر خاوەن ناوچە گەشتیارییەکان وای کردووە زۆربەیان تەنها گرنگی بە قازانجی دارایی بدەن نەک بە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و خزمەتگوزاریی کوالێتی بەرز.
نەبوونی بنکەی تەندروستی نزیک، نەبوونی بنکەی ئاگرکوژێنەوە لە ناوچە گەشتیارییەکان، نەبوونی بنکەی پۆلیس و پۆلیسی دارستان، نەبوونی بنکەی چاودێر لە ڕێگەی کامێرای چاودێری، ئەمانە زۆر جار کارەساتەکان ئەگەر بچووکیش بن دواتر بە پێی تێپەڕبوونی کات گەورە دەبن.
بە گشتی، گرفتەکە لەوەدایە کە سەلامەتی گەشتیار، هێشتا وەک بەهایەکی بنەڕەتی و ئەرکی سەرەکی لەم کەرتەدا سەیر ناکرێت، بەڵکو زیاتر وەک کارێکی لاوەکی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
لە ئیسلامدا “پاراستنی گیانی مرۆڤ” یەکێکە لە مەقاصدی شەریعەت (ئامانجە سەرەکییەکانی ئایین). کاتێک ئێمە باسی سەلامەتی گەشتیار دەکەین، تەنها باسی ڕێگریکردن لە مردن ناکەین، بەڵکو باس لە ڕێزگرتن لەو کەرامەتە دەکەین کە خودا بە مرۆڤی بەخشیوە.
ئەگەر بە هەموو لایەک ئەو گرفتانە چارەسەر نەکەین ئەوا لە بری گەشتکردن و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش، ناوچە گەشتیارییەکان دەبنە گۆڕستان و لە دەستدانی ئازیزانمان….
مەعروف مەجید
چالاکوانی ژینگەیی
