سویسرا میوانداریکردنی تاران و واشنتۆنی هەڵوەشاندەوە

سویسرا میوانداریکردنی خولی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆنی هەڵوەشاندەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی ئەو خولە دانوستانەی ڕاگەیاند کە بڕیار بوو لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هاوینەهواری شاخاویی “بۆرگنستۆک” بەڕێوەبچێت. ئامانجی ئەم کۆبوونەوانە دەستپێکردنی گفتوگۆی دوو قۆڵی بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە بەم دواییانە لە نێوان هەردوولادا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کرابوو.

میدیا ڕۆژاواییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتی دانوستانەکان دوای ئەوە هات کە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەردانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ سویسرا هەڵوەشاوەتەوە، کە بڕیار بوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ دانوستانکارانی ئێران کۆببێتەوە.

کۆشکی سپی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە جەی دی ڤانس ناچێتە سویسرا، و هۆکارەکەشی بۆ “کێشەی لۆجستیی پەیوەندیدار بە دانوستانەکانەوە” گەڕاندەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو یان وادەیەکی نوێ بۆ سەردانەکە دیاری بکات. ئەم خولە چاوەڕوانکراوە دەبووە دەستپێکێک بۆ دانوستانە چڕەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکەی نێوان تاران و واشنتۆن، کە وەک چوارچێوەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان سەیر دەکرێت.

لەسەر هەمان بابەت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ئاشکرا بکات و بڕیارە بینێرێتە کۆنگرێس بۆ پێداچوونەوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیش ڕوونی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە چوارچێوەیەکی گشتی بۆ هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات دادەنێت، بەڵام یەکلاکردنەوەی دۆسیە ئاڵۆزەکان ــ کە لە پێشەنگیاندا بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە ــ دواخراوە بۆ دانوستانە بەرفراوانەکان کە بڕیارە ٦٠ ڕۆژ بخایەنێت.

لەلایەنی بەرامبەرەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا دوای واژۆکردنی لەلایەن هەردوولاوە بووەتە فەرمی و کۆتایی، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە دەبێتە بنەمای یاسایی و سیاسی بۆ قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە