خۆڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەش و هەوای جیهان دەپاریزێت

بەهێزتر لە “نینۆ”.. خۆڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چۆن وەک قەڵغانێک کەشوهەوای جیهان دەپارێزێت؟.

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستی “نەیچەر کۆمیونیکەیشنز” بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کردووە کە کاریگەریی گەردەلوولە خۆڵبارینەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر کەشوهەوای جیهان، زۆر زیاترە لەوەی پێشتر بیری لێ دەکراوەتەوە، تەنانەت لە ڕووی کاریگەرییەوە لە دیاردەی بەناوبانگی “نینۆ” (El Niño)ی زەریای هێمن بەهێزترە.

بەپێی توێژینەوەکە، ئەو خۆڵ و تەپوتۆزەی کە لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە بەرز دەبێتەوە، تەنها پیسکەرێکی خۆجێیی نییە، بەڵکو وەک “قەڵغانێکی پاراستن” بۆ سەقامگیریی کەشوهەوای زەوی کار دەکات. لە کاتی هاویندا، ئەم خۆڵە وەک سێبەرێک (مەتەڵێک) کار دەکات کە تیشکی خۆر دەگێڕێتەوە و ڕێگری لێ دەکات بە تەواوی بگاتە ڕووی ئاوی دەریای عەرەب، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پلەی گەرمیی ئاوەکە بە مامناوەندی بمێنێتەوە.

کاتێک گەردەلوولەکان کەم دەبنەوە، ئەو “سێبەرە” سروشتییە نامێنێت و ئاسمانی ناوچەکە ساف دەبێت. ئەمەش ڕێگە بە تیشکی خۆر دەدات بە شێوەیەکی چڕ بەر ئاوی زەریای هیندی بکەوێت، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی خێرای پلەی گەرمیی ئاوەکە لە خۆرئاوای زەریاکە. ئەم گۆڕانکارییە لە پلەی گەرمیی ئاودا، هاوسەنگیی بەرگەهەوا تێکدەدات و دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەساتی سروشتی وەکو:

  • لافاوی وێرانکەر لە خۆرهەڵاتی ئەفریقا.

  • وشکەساڵیی توند و ئاگرکەوتنەوەی مەزن لە ئوسترالیا و ئەندەنوسیا.

 توێژەران بە بەکارهێنانی داتاکانی 40 ساڵی ڕابردوو (1980-2020) بۆیان دەرکەوتووە کە گۆڕانکارییەکانی خۆڵبارین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەرپرسە لە 36%ی ئەو گۆڕانکارییە گەرماییانەی ساڵانە لە زەریای هندیدا ڕوو دەدەن. ئەمە نیشان دەدات کە خۆڵ، شەریکێکی سەرەکییە لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتاری زەریاکە، بەتایبەت لە وەرزی پاییزدا.

سەرەڕای گرنگیی دۆزینەوەکە، هەندێک لە شارەزایانی کەشوهەوا وەکو “رافایلا سوتیروبولو” و “دیمیتریس کاسکاوتیس” جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت خۆڵبارین تەنها وەک تاکە هۆکار سەیر بکرێت. ئەوان پێیان وایە کە پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان سیستەمە کەشوهەواییەکاندا هەیە و خۆڵبارین یەکێکە لەو فاکتەرە “دەرەکییانەی کە کاریگەرییان هەیە”، نەک تەنها هۆکار.

لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە دەریدەخات کە سروشت سیستەمێکی هاوسەنگیی هەیە، تەنانەت ئەو دیاردانەش کە ئێمە وەک “پیسکەر” یان “بێزارکەر” سەیریان دەکەین، لە ڕاستیدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پاراستنی هاوسەنگیی گەرمایی زەوی و ڕێگریکردن لە کەشوهەوای توندوتیژ.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە